قەرەیڵان داوای لێکۆڵێنەوەی نێو دەوڵەتی دەکات لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی گەریلا

موراد قەرەیلان، فەرماندەی ناسراوی پەکەکە، دەڵێت " دەوڵەتی تورکیا لەبۆردومانەکانیدا بۆسەر گەریلا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت"و داوا لە شاندە نێودەوڵەتییەکان دەکەن لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەن. 

موراد قەرەیلان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای نزیکی حیزبەکەی دەڵێت "هێرشی ٢٣ی نیسانی دەوڵەتی تورک تا ئێستا نزیکەی ٦ مانگ بەردەوامە. لەم چەند مانگەدا شەڕێکی قورس ڕودەدات و تا ئێستاش بەردەوامە. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی خۆی لەو شکست و بنبەستە ڕزگار بکات، کە لە بنەڕەتدا بە بنبەست گەیشتوە و روخاوە، بۆ ئەوەی شکستەکەی بشارێتەوە و گوایە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت، هاوکات لەگەڵ تەکنەلۆجیای هاوچەرخی ئەم سەردەمەدا چەکی کیمیاییش بەکار دەهێنێت. یاسا نێونەتەوەیییەکان پێشێل دەکات و هەوڵ دەدات بەو شێوەیە خۆی لەو شکستە ڕزگار بکات. لەو چوارچێوەیەدا هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ و مەتینا".

ئەندامەکەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) درێژەی پێدەدات و دەڵێت "بە دڵنیاییەوە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێت، با لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت چونکە دیمەن و ڤیدیۆ هەیە، هێرش و بەکارهێنانیان دەبینرێت، ڤیدیۆیەکان هەم لە تونێلەکان و هەم لە دەرەوەی تونێلەکان دت تۆمار کراون. هەم مادە و کەرەستەی گرنگ دۆزراونەتەوە، کە ئاشکرایە گاز دەتەقێنرێت و بەکار دەهێنرێت، چەندین بەڵگەنامە هەیە و هەپەگەش بەشێکی زۆری ئەوانەی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردوەتەوە. هەمو شتێک رون و ئاشکرا و لەبەرچاودایە، ئەوانەی بەڵگە و دۆکیومێنتی ڕونتریان دەوێت با بۆ خۆیان بێن و شوێنی روداوەکان ببین و لێکۆڵینەوە بکەن."

لە مانگی نیسانەوە سووپای تورکیا بە هەموو توانا سەربازییەکانیەوە هێرشی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان بەردەوامەو تا ئێستا بە قوڵی ٣٥ کم هاتۆتە خاکی باشورەوە. 




AM:09:43:21/10/2021