ئه‌لیسا لەبارەی پۆشینی جلوبەرگی گولـلە نەبڕ لە کۆنسێرتەکەی بەغداد هاتە دەنگ

خانمە هونەرمەندی بەناوبانگی عەرەب ئەلیسا لەبارەی پۆشینی جلوبەرگی گولـلە نەبڕ لە کۆنسێرتەکەی بەغداد هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" بەهیچ شێوەیەک ئەوە ڕاست نییە و پێویستی بەوە نەبووە". 

لەوبارەیەوە ئەلیسا لە تویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" سەردانەکەم بۆ بەغدا سەردانێك بووە بۆناو خێزانەکەم و خزمەکانم و ئەو خەڵکانەی خۆشیان دەوێم، نە پێویستم بە گولەنەبڕ بووە نە بە هیچ شتێکی دیکە".

ئەلیسا لە پەیامەکەیدا دوپاتیشیکردەوە: هەموو ئەوانەی وتراون قسەی پوچ بووە و دووربوون لە راستییەوە، چواردەورم بە گروپێکی ئەمنی گیرابوو وەك هەر کاتێکی دیکە کە دەچووم بۆ هەر وڵاتێکی دیکە، دۆخەکەش سەلامەت و ئارامبوو تا دوا سنوور.

ئه‌لیسا گۆرانیبێژی ناوداری لوبنانی دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی هەینی ڕابردوو له‌ سندیباد لاند له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق كۆنسێرتی ساز كرد، دواتر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک وێنەی کۆنسێرتەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ناوبراو جلوبەرگی گولـلە نەبڕی لەبەرکردووە.

ئەلیسا زەکەریا خوری، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧١، خەڵکی لوبنانە و دایکی خەڵکی سوریایە، هاوکات بەهۆی دەنگە خۆشەکەی و گۆرانیەکانیەوە نازناوی "شاژنی هەستەکانی" پێدراوە.


PM:12:38:24/10/2021