جوتیار عادل: هەر بازرگانێک بەنزین بە (٥٠٠) دینار بهێنێت لە باج و گومرک دەیبەخشین

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەر بازرگانێك بەنزین هاوردە بكات و بە (٥٠٠) دینار بیداتە هاوڵاتیان ئێمە لە باج و گومرك دەیبەخشین". 

جوتیار عادل وته‌بێژى فەرمی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند" به‌نزین له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم نرخى زۆر به‌رزه‌و وه‌ك حكومه‌ت پاڵپشتى هه‌ر بازرگانێك ده‌كه‌ین كه‌ به‌نزین بهێنێت‌ و بیه‌وێت به‌نرخى ٥٠٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێك دابه‌شى بكات".

وته‌بێژى حكومه‌تی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد" دابه‌زینى نرخى به‌نزین كارێكى مه‌حاڵ نییه ‌و حكومه‌ت چه‌ند هه‌نگاوێكى گرتۆته‌به‌ر و له‌ڕۆژانى داهاتودا نرخى به‌نزین دابه‌زین به‌خۆوه‌ ده‌بینێت".

ڕوونیشیکردەوە: هاوشێوه‌ى عێراق حكومه‌ت ناتوانێت نه‌وت بداته‌ پاڵاوتگه‌كان ‌و نرخه‌كان بۆ ٥٠٠ دینار دابه‌زێنێت، چونكه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ دابه‌شكردنى موچه‌یه‌.

جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو: ئه‌و بازرگانه‌ى به‌نزین به‌ ٥٠٠ دینار بداته‌ هاوڵاتیان له‌ گومرگ ده‌یبه‌خشین و هیچ گومرگ ‌و باجێكى لێوه‌رناگرین. 

ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا داوای کرد، ئەگەر حکومەت لە باج و گومرک و سەرانە بیان بەخشێت بەنزین دەهێنن و دەیدەنە (٤٧٥) دینار، هاوکات ئەمڕۆش جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کرد بێ ھیچ باج و سەرانەیەک رێگای بدەن بەنزین بھێنێتە ھەرێم. 


PM:10:45:24/10/2021