بریكاری وهزارهتی كارهبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لهئێستادا سێ كاتژمێر و30 خولهك ماوهی پێدانی كارهبامان زیاتر كردوه، بهتێكڕا له نێوان 17-18 كاتژمێر كارهبا دراوه".
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" زیاتر لە (1,021,000) پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون و دەکاتە 68%، هەروەها ملیۆنێک و 500 هەزار پێوەری زیرەك بە بڕی 253 ملیۆن دۆلار بۆ بەستنی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا دابین کراوە".
ئەوەشی خستەڕوو: تائێستا لە قوناغی یەکەمدا 350 هەزار پێوەری زیرەک بە پرۆسەی لینکینگ بەگەڕ خراون و بە پێی ئەم پێوەرە، کارەبای هاوبەشان دەخوێندرێتەوە، لە ماوەی ئەمساڵ بەشی هاردوێری پرۆژەکە (بەستنی پێوەرکان) تەواو دەبێت و لە ساڵی ئایندەش بەشی سۆفت وێرەکەی (بەگەر خستنی پێوەرەکان) تەواو دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد" بەهۆی پێوەری زیرەکەوە کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت و سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا چارەسەر دەبێت، هەروەها بۆ خوێندنەوەی پێوەری کارەبا ناچینە ناو ماڵان و مانگانە پسولەی کارەبا چاپ دەکرێت و دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا".
بریکاری وەزارەتی کارەبا دەشڵێت" بە دانانی پێوەری زیرەک سیستەمی کارەبا سەقامگیر دەبێت و گۆڕەرەکانی کارەبا بە تایبەتی لە زستاندا لە سوتان و دەستکاری کردن دەپارێزرێن، هەروەها توانایی سنووردارکردنی بڕی پێدانی ئەمپێری کارەبا هەیە".
باسی لەوەشکردووە: ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم 6,900 مێگاواتە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سوتەمەنی 3500 تا 3800 بەرهەم دێنین، هەروەها سێ سەعات و نیو ماوەی پێدانی کارەبامان زیاتر کردووە و لە نێوان 17-18 کاتژمێر کارەبا دراوە و هەوڵ دەدەین لە وەرزی زستان لەسەر ئەم باشبوونەی دۆخی کارەبا بەردەوام بین.