موقتەدا سەدر لەبارەی گرژییەکانی ئەمڕۆی بەغداد پەیامێکی بڵاوکردەوە

‌موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر
رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی گرژییەکانی ئەمڕۆی بەغداد پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" نابێت خۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ خۆپیشاندانی پڕ لە توندوتیژی بگۆڕدرێت". 

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە" خۆپیشاندانی هێمنانە بۆ داواکاریەکانی پەیوەست بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نابێت بۆ خۆپیشاندانی پڕ لە توندوتیژی بگۆڕدرێت".

ڕوونیشیکردەوە: دەوڵەت نابێت پەنا بۆ توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بەرێت، چونکە خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی رەوایە و بە یاسا مسۆگەرکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو: حەشدی شەعبی هێزێکی تێکۆشەرە و ئاواتی من ئەوەیە کە ناوبانگیان تێکنەچێت، حکومەتی زۆرینە نیشتمانی دەبێتە داکۆکیکارتان، دور لە پڕۆژەی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە کە دەیانەوێت بەکارتان بهێنن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی سەوزی بەغداد لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو.

هاوکات بەپێی ئامارێکی فەرمی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە گرژییەکانی ئەمڕۆی بەغدای پایتەخت (١٢٥) کەس برینداربوون، کە (٢٧) کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون و تەواوی بریندارەکانی دیکە لە هێزە ئەمنییەکان بوون. 


PM:07:40:05/11/2021