له‌باره‌ی چوونی وه‌فدێكی پارتی بۆ به‌غدا ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" شاندەکەی پارتی بۆ دانوستانی فەرمی پێکهێنانی حکومەت نەچونەتە بەغداد، بەڵکو هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوونی لایەنەکان و ڕەوشەکە دەکەن لە بەغداد". 

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستاش لەبەغدادە، گفتوگۆیان لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکان کردووە و ڕاوبۆچونیان وەرگرتووە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەشێوەیەکی گشتی ڕاوبۆچونی ئەو لایەنانە لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەڵبسەنگێنن، وە ئەنجامی ئەو کۆبونەوانە لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی و لایەنە کوردستانییەکان باس بکەن، بەڵام بەداخەوە بە هۆی هێرشی ماڵی سەر کازمی گفتوگۆکان کەمێک دواکەوتوون لە کاتی خۆیدا". 

هۆشیار سیوەیلی لەبارەی ئەنجامەکانی ئەو سەردانەی شاندەکەی پارتی دموکراتی کوردستان وتی" ئەو شاندە بۆ ئەوە نەچوون کە ئەنجامگیرییەک بەدەست بهێنێت بەرامبەر پێکهێنانی حکومەت تەنها هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوون و ڕەوشەکە دەکەن و دواتر دێنەوە ئەو بابەتانە دەخەنە بەدەست لایەنە کوردستانیەکان بۆ ئەوەی پێکەوە پلاتفۆرمێکی هاوبەش پێکبهێنن تا پێکەوە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی زۆربەی داخوازییە دەستورریەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرنامەی حکومەتی داهاتووی عێراق جێ بکرێتەوە". 

بەبڕوای سیوەیلی پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا کارێکی ئاسان نیە، بەشێوەیەکی گشتی" هەروەک دەزانرێت پێکهێنانی کابینەی دووەمی (مالکی) هەشت مانگی خایاند، هەروەها بۆ پێکهێنانی کابینەکەی (کازمی) شەش مانگی خایاند، بۆیە ئەمجارەش پێشبینی دەکرێت بە ئاسانی کابینەی نوێی حکومەت پێکنەیەت و گفتوگۆکان درێژە بکێشن". 

دەربارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هۆشیار سیوەیلی باسی لەوەکرد: پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکە لە پۆستە گرنگەکان کە ئیستحقاقی کوردە، بەڵام ئەم پۆستە تایبەت نیە بە لایەێکی سیاسی و حیزبێک، بەڵکو تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، بۆیە هیوادارین لەو کۆبونەوانەی لە سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت بەجدی باس لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و پڕکردنەوەی بکرێت و کۆدەنگیەکی کوردستانی و نیشتمانی لەسەر ئەو کاندیدەی پۆستەکە وەردەگرێت جا کاندیدی پارتیە یاخود یەکێتی گرنگ کۆدەنگی نیشتمانیە لەسەر ئەو کاندیدە.


PM:03:39:09/11/2021