له‌باره‌ى ناردنی پاره‌كه‌ى به‌غداد بۆ هه‌رێم زانیاری گرنگ ئاشکراکرا

ئەندامێکی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت" حکومەتی فیدراڵی تەنانەت دوای کۆتای ئەمساڵیش بەردەوامدەبێت لە ڕەوانەکردنی (٢٠٠) ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان". 

شیروان میرزا ئەندامی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە" حکومەتی فیدراڵ پابەندە بەوەی لە دوای کۆتاییهاتنی کارکردن بەبودجەی ساڵی (٢٠٢١) و بەپێی یاسای (١٢/١) بەردەوامبێت لە ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە بەپێی ئەوە تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی نوێ، دەبێت سەرجەم خەرجییەکان هاوشێوەی بودجەی پێشوو خەرجبکرێن".

ڕوونیشیکردەوە: ئەگەرهات‌ و حکومەت کەوتە ساڵی نوێ‌ و لەبەر هەر هۆکارێک بێت پەسەندکردنی بودجە دواکەوت یان پێکهێنانی حکومەتی نوێ دواکەوت، ئەوە لەوکاتەدا کار بە یاسای ئیدارەی مالی دەکرێت، 

شیروان میرزا جەختیشیکردەوە: هیچ كێشه‌یه‌ك لەو بڕە پارەیەدا نییە کە لە بودجەی ساڵی (٢٠٢١) بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، لەبەرئەوەی لە چوارچێوەی خەرجییەکانی حکومەتدایە و بە پێی یاسای ئیدارەی دارایی، دەبێت تاوەکو پەسەندکردنی یاسای نوێی بودجە، بەغدا بەردەوامبێت لە ڕەوانەکردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ هەرێمی کوردستان.


AM:10:08:10/11/2021