حکومەتی هەرێم: بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەى کۆچبەران دەکەین

بەیانی ئەمڕۆ بەشێك لە وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەكیان سەبارەت بە كۆچی هاووڵاتیان بۆ ئەوروپا ئەنجام دا و دوای كۆبوونەوەكە وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی" بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەى کۆچبەران دەکەین".

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هەندێک لایەن بابەتی کۆچ وەک گوشاری سیاسی بەکاردەهێنن، بەڵام حکومەتى هەرێم بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەى کۆچبەران دەکات". 

ئەوەشی خستەڕوو: کۆچکردن دیاردەیەکی سروشتییە و دۆخی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێ باشترە.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم باسی لەوەشکرد: هه‌موو هه‌وڵێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێت و راسپارده‌ی پێویست ده‌رده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ كۆچی به‌لێشاوی هاوڵاتییانی كورد بكرێت.

لای خۆشییەوە سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان وتی" بەپێی بڕیاری سەرۆكی حكومەت پەیوەندیمان بە كونسوڵی پۆڵەندا كردووە و سەرقاڵی بەدواداچوونین، بەڵام بەداخەوە نوێنەرمان لە بیلاڕوسیا نییە و ناتوانین ئاگاداری ڕووداوەكانی ئەوێ بین".

ئاشكراشیكرد، لەگەڵ ئەوە نین كۆچبەران بە زۆر بگەڕێنرێنەوە و بەشێك لە هاووڵاتیانیش بوونەتە قوربان دەستی قاچاخچییەكان.


PM:03:05:10/11/2021