سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا لەبارەی كۆچبەرانەوە هۆشداری دەدات

سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا لەسەر دۆسییەی كۆچبەران هۆشداری دەدات و دەڵێت" ئێمە بەرگری لە سنوورەكانی پۆڵەندا و ئەوروپا دەكەین". 

ماتیۆس مۆرا فیسکى، سەرۆک وەزیرانى پۆڵەندا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەوەی بیلاڕوسیا دەیكات دژایەتی كردنی ئێمە و ئەوروپایە، بۆیە دەبێت هەموو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هاوكارمان بن لە پرسی كۆچبەران". 

ڕاشیگەیاند" بیلاڕوسیا كۆچبەران وەك كارتی گوشار بەرامبەر بە ئەوروپا بەكاردەهێنێت و خەڵك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەهێنن بۆ ئەوروپا". 

جەختیشى کردەوە، سنورەکانمان توندتر دەکەینەوە و بە رووى بیلاروسیادا بە تەواوى دادەخەین.

سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ئەوەشی خستەڕوو: پۆڵەندا ڕووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە، بۆیە پێویستە سزای زیاتر بەسەر بیلاڕوسیا بسەپێنرێت. 


PM:04:50:10/11/2021