سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا: هەوڵی چارەسەری دۆخی کۆچبەرانی سەرسنور دەدەین

سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند " هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی کۆچبەرانی سەر سنوری وڵاتەکەیان دەدەن".

ماتیوس مۆراڤیسکی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لەگەڵ چارلس میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند" ئەوان بە جدییەتەوە دەڕواننە بارودۆخی سەر سنورەکانیان و هەوڵ دەدەن چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە".
سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ئەوەشی خستەڕوو " ئەوەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن پاراستنی سنورەکان و پاراستنی ژیانی ئەو کۆچبەرانەشە کە لەسەر سنورەکانن، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا پێیان دەکرێت تەنها پاراستنی سنورەکانیانە و رێگریکردنە لە رووداوی نەخوازراو".

ماتیوس مۆراڤیسکی سەرۆک وەزیران "دوای ئەوەی حاڵەتی ئامادەباشیمان راگەیاند، لە ئێستادا بە دوای چەندین چارەسەری جیاواز دەگەڕێین رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی جێبەجێ نەکرێت بەڵام چەندین چارەسەر دادەنێین تا دۆخەکەی پێ چارەسەر بکەین بەبێ زیانی گیانی و وڵاتەکەشمان نەخەینە دۆخێکی سەختەوە."

چارلس میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "سنورەکانمان دەپارێزین و دەمانەوێت چارەسەری دۆخی کۆچبەران بکەین."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەمانەوێت باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سنوورەکان هەڵبژێرین"، دەشڵێت، "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گروپێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کۆچبەران دروستدەکەین و رێگری دەکەین لە روودانی حاڵەتی نەخوازراو."

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا منداڵێک بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستداو هەزاران کۆچبەر لەسەر سنوری پۆڵندا کۆبوونەتەوەو دەیانەوێت لەوێوە بپەڕێنەوە بۆ وڵاتانی ئەورپای رۆژئاوا.



PM:07:54:10/11/2021