ئەنجومەنی ئاسایش بیلاروسیا بە بەکارهێنانی کۆچبەران بۆ مەرامی سیاسی تۆمەتبار دەکات

زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حكومەتی بیلاڕوسیا و سەرۆكەكەی تۆمەتبار دەکەن کە بەشێوەیەكی رێكخراو خەڵك و كۆچبەران و ژیانیان بۆ مەرامی سیاسی دەخاتە مەترسیەوە.

شەوی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی کۆچبەران لە سنورەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵندا کۆبوونەوەو، ئەندامانی ئەنجومەن لە نوێنەرانی ئەمریكا، بریتانیا، فڕەنسا، نەرویج، ئیستۆنیا، ئێرلاند و ئەلبانیا و لەراگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "حكومەتی بیلاڕوسیا و سەرۆكەكەی بەشێوەیەكی رێكخراو خەڵك و كۆچبەران و ژیانیان بۆ مەرامی سیاسی دەخاتە مەترسیەوە و پشێوی لەسەر سنورەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كە هاوسنورن لەگەڵدا دروستكردوە".

 دوای کۆبونەوەکەش ستیڤن دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووكان رایگەیاند" هەزاران كەس دەیانەوێت لە رێگەی پۆڵەنداوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لە سنورەکانەوە رێگریان لێدەکرێت".

زیاتر لە هەفتەیەکە هەزاران کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردن و عێراقین لەسنورەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵندا گیریان خواردوە و لە دۆخێکی خراپدان، حکومەتی پۆڵنداش نزیکەی ١٥ هەزار سەربازی بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ نێو وڵاتەکەی لەسەر سنور جێگیرکردوە.

وەزارەتی کوچ و کۆچبەرانی عێراق رایانگەیاند زۆربەی هەرەزۆری ئەو کۆچبەرانە کوردی عێراقن، حکومەتی هەرێمیش رایگەیاند کە ژمارەی کوردی عێراق لەو کۆچبەرانە ٨ هەزار کەسە. 




PM:12:43:12/11/2021