کۆمیتەی پەیوەندیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توند ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات کە لە کۆچکردنی گەلی باشور پەکەکەی تۆمەتبار کرد و رایگەیاند" وتەبێژی پارتی بۆ شاردنەوەی تاوانەکان و شەرمەزارییەکانی پارتی دەمدرێژی دەکاتە سەر تەڤگەری ئازادی کوردستان".
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" جارێکی دی تراژیدیای کۆچبەربوونی گەلەکەمان و ئاوارەبوونیان لە سنووری نێوان دەوڵەتان بۆتە رۆژەڤی سەرەکی رای گشتی کوردی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، بە گوێرەی ئامارەکان لە ناو سالێکدا زیاتر لە سی هەزار کەس باشوری کوردستانیان بەرەو هەندەران بەجێ هێشتووە، ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە کاریگەری لە سەر چارەنووس و داهاتووی نەتەوەکەمان دەکات".
ئەوەشخراوەتەڕوو، هاتنە ئاراوەی ئەم تراژیدیایە بۆ دوو هۆکاری بنەڕەتی دەگەڕێتەوە:
یەکەم، گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لە پێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، دادپەروەری و نیشتمانپەروەریدا تێکۆشانێکی مەزنی بەڕێوەبرد کە بە راپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی 1991 گەیشتە لووتکە و ستاتۆیەکی سیاسی بۆ ئەم بەشەی نیشتمان هاتە ئاراوە. بەڵام دوای سی ساڵ بە هۆی نەبوونی ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی رادەبڕین و هەروەها تەشەنەکردنی دیاردەی وەک گەندەڵی، بێکاری، رەوشی خراپی ئابووری و لە ئەنجامدا بێهیوابوون بە چاکسازی لێشاوێکی مەترسیداری کۆچی گەنج و پیر و ژن و منداڵ دەستیپێکردووە.
دووەم، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان بە تایبەت تورکیا، لە لایەکەوە، بە هاوکاری هێزە بەکرێگیراوەکانیان خاکی باشووری کوردستان داگیر دەکەن و گروپ و تاقمی توندرەی جیهادی تیایدا جێگیر دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە، لە رێگەی گروپی مافیا و قاچاخچێتی و ئیستخباراتی کارئاسانی بۆ کۆچی گەلەکەمان بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن و بە تایبەتیش لەم بوارەدا گەنجان هاندەدەن. بەم شێوەیە دەیانەوێت بە داگیرکاری و بە کۆچبەری دیمۆگرافیای باشوری کوردستان بگۆڕن، لە ناسنامەی کوردی دایماڵن و بیگۆڕن بۆ هەرێمێکی بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزمی فاشیستی تورکی و ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی جیهادی، ئەمە شاڵاوێکی بەرنامەبۆداڕێژراو و بەمەبەستی شەڕی تایبەتە بۆ چۆڵکردنی کوردستان و گۆڕینی دیموگرافیای نیشتمانەکەمان.
پەکەکە ئاماژە بەوەشدەکات" ئەوەی کە جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە وتە بێژی پ د ک بەڕێز سەفین دزەیی لە جیاتی ئەوەی کە ئەم راستییانە ببینێت، بۆ شاردنەوەی تاوانەکان و شەرمەزارییەکانی دەسەڵاتی پارتی دەمدرێژی دەکاتە سەر تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان، پە کەکە، لێرەدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆمان بۆ تراژیدیای کۆچبەرانی کورد لە سەر سنووری بیلاروس و پۆلۆنیا، بانگەوازی لە گەلەکەمان و بەتایبەت لە گەنجان دەکەین کە نیشتمانی خۆیان چۆڵ نەکەن و هێز و وزە و توانای خۆیان بۆ تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری بەکاربهێنن، هەروەها بانگ لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بە دەرک کردن بەو راستییەی کە ئەم کۆچبەرییە ئەنجامێکی سیاسەتی ئەوانیشە رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستن و بەهاناوەچوونی کۆچبەرانی کورد بگرنەبەر".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە: هەروەها بانگ لە دەسەڵاتدارانی پارتی دەکەین کە ئەم دۆخە باش بخوێننەوە و لەجیاتی تۆمەتبەخشین بەم و بەو، خۆیان بە بەرپرسی سەرەکی هاتنە ئاراوەی دیاردەی کۆچی گەلەکەمان بزانن و لەم پێناوەشدا هەنگاوی پێویست بهاوێژن، پێویستە ئازادی و ئاسایش و هەلی کار و دەرفەتی ژیانی شەرەفمەندانە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستەبەر بکرێن و زەمینەی کۆچ و کۆچبەربوون لەناوببردرێت.