جاسەنە هێرشکردنە سەر ٤ رۆژنامەنووس سەرکۆنە دەکات

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا ئەو هێرشەی کە شەوی ١١ ی تشرینی دووەم لە شەقامی ٦٠ ی هەولێر کرایە سەر چوار رۆژنامەنووس سەرکۆنە دەکات و داوا لە داواکاری گشتی و میدیاکان دەکات لەم دەستدرێژیە بە کۆمەڵە بێدەنگ نەبن.

لە راگەیاندنێکدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی" سپی " نێردراوە تیایدا هاتووە" شەوی ١١ ی تشرینی دووەم لە شاری هەولێر لە شەقامی ٦٠ مەتری لە کاتێکدا ژمارەیەک رۆژنامەنووسی چەند کەناڵێکی جیاواز روماڵی سووتانی چێشتخانەیەک دەکەن، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشدەکرێتە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز ( نامۆ محەمەد لە کەناڵی NRT، هادی سەلیمی و زەردەشت لە کەناڵی رووداو، شفان هەرکی رۆژنامەنووسی ئەریبل لایڤ)".
لە راگەیاندنەکەی جاسەنەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە چاو قائیمیەکی زۆرە چەند کەسێک گەر پشت ئەستور نەبن بە کەسانێکی بەرپرس کە بەرگریان لێبکات، ناتوانن لە یەک رووداو و لەیەک سات و لەیەک شوێندا دەستدرێژی بکەنە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز.
ئەو رێکخراوە داوا لە داواکاری گشتی هەرێم دەکات داوایی یاسایی دژی ئەو دەستدرێژیکارانە بجوڵێنن و دەڵێن" رێکخراوی جاسەنە داوا لە داواکاری گشتی هەرێم دەکات کە لەسەر ئەو رووداوە بێنە دەنگ، بەپێی یاسایی کاری رۆژنامەنووسی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ کە لە بڕگەیەکیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە " دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووس لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت)، داوای یاسایی دژی دەستدرێژیکاران بجوڵێنن".

دەقی راگەیاندنەکە..

داواکاری گشتی و میدیاکان ناکرێت لەم دەستدرێژیە بیدەنگ بن

 شەوی ١١ ی تشرینی دووەم لە شاری هەولێر لە شەقامی ٦٠ مەتری لە کاتێکدا ژمارەیەک رۆژنامەنووسی چەند کەناڵێکی جیاواز روماڵی سووتانی چێشتخانەیەک دەکەن، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشدەکرێتە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز ( نامۆ محەمەد لە کەناڵی NRT، هادی سەلیمی و زەردەشت لە کەناڵی رووداو، شفان هەرکی رۆژنامەنووسی ئەریبل لایڤ).

 لە کوردستاندا هێندە لە کاتی رووماڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەر رۆژنامەنووسان، پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووسان بۆتە رووداوێکی ئاسایی و، دەستی خەڵکانێکی تریشی کردۆتەوە کە رێز لە پیشەو کاری رۆژنامەنووسی نەگرن و سڵ لەوە نەکەنەوە کە دەستدرێژیبکەنە سەر رۆژنامووسان، هێرشی سەر ئەو چوار رۆژنامەنووسەش دەچێتە ئەو خانەیەوە.

چاو قائیمیەکی زۆرە چەند کەسێک گەر پشت ئەستور نەبن بە کەسانێکی بەرپرس کە بەرگریان لێبکات، ناتوانن لە یەک رووداو و لەیەک سات و لەیەک شوێندا دەستدرێژی بکەنە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز.

 ئێمە لە رێکخراویی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا لەو باوەڕەداین کە دۆخی رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمدا خراپەو، ئێستا رۆژنامەنووسان هەر تەنها لە کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم رووبەڕووی دەستدرێژی نابنەوە، بەڵکو لە رووماڵی رووداوێکی ئاسایشدا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، وەک رووداوی روماڵی ئەو چێشتخانەیە. 
رێکخراوی جاسەنە داوا لە داواکاری گشتی هەرێم دەکات کە لەسەر ئەو رووداوە بێنە دەنگ، بەپێی یاسایی کاری رۆژنامەنووسی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ کە لە بڕگەیەکیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە " دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووس لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت)، داوای یاسایی دژی دەستدرێژیکاران بجوڵێنن.

هەروەها ( جاسەنە) داوا لەو کەناڵانەش دەکات کە رۆژنامەنووسەکانیان رووبەڕووی توندتیژی بوونەتەوە داوای یاسایی لەسەر دەستدرێژیکار تۆمار بکەن و داکۆکی لەمافی رۆژنامەنووسەکانیان بکەن و بێدەنگ نەبن.

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنییە رۆژی ٦ ی ئایار ٢٠٢١ لە فەرمانگەی رێکخراوە نا حکومییەکان مۆڵەتی فەرمی وە وەرگرتووە.

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا
١٣ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١



PM:12:31:13/11/2021