نەوەی نوێ لەسەر کۆچکردنی هاوڵاتیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەبوونی دادپەروەری و ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی هاوڵاتیانن.

نەوەی نوێ ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی کۆچکردنی هاوڵاتیانەوە بڵاو کردەوە و دەڵێت " نەبوونی هەلی کار و بێکاری، نەبوونی دادپەروەری و ئاسایش و هەستنەکردن بە ئاسودەیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هۆکاری سەرەکی کۆچکردنن".

 

دەقی راگەیاندراوەکەی نەوەی نوێ بەم شێوەیەی خوارەوەیە کە چەند خاڵێک لە خۆ دەگرێت:

"هاوڵاتییان لەدەست خراپی حوکمڕانی و نەبونی دادپەروەری رادەکەن و وڵات جێدەهێڵن"

 

زیاتر لە هەفتەیەکە بە هەزاران هاوڵاتی ئەم هەرێمە لەسەر سنوورى هەردوو وڵاتى بێلاروسیا و پۆڵەندا لەدۆخێکى دژواردا ماونەتەوەوە،و خوازیارن بگەنە یەکێک لە وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا لەپێناو دابینکردنى ژیانێکى شایستەتر بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە پێویستی دەزانێت کە راى گشتیى نێودەوڵەتى و هەموو دۆستانى گەلى کورد لەدنیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بن کە هۆکارە سەرەکییەکانى کۆچى هاوڵاتیانى هەرێم بۆ چەند خاڵێکى سەرەکى دەگەڕێتەوە:

 

یەکەم: بەشێک لەو هاووڵاتیانەى کۆچیان کردووە بەهۆى نەبوونى هەلیکارەوەیە، کە تا ئێستا زیاد لە ٣٠٠ هەزار گەنجی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان هەن کە بێکارن و هیچ دەرفەتێکی کارکردن نییە لەبەردەمیاندا.

 

دووەم: جگە لە بابەتی بێکاری، زۆرینەى هەرە زۆری هاوڵاتییان بەهۆى نەبوونى دادپەروەرییەوە کۆچ دەکەن و نیشتمان جێدەهێڵن، چونکە ئەو هاووڵاتیانە هێندەیان نا دادپەروەرى کۆمەڵایەتیى بینیوە کە تەواو لەم سیستمە سیاسییە بێزار بوون، چونکە نادادپەروەری و نایەکسانی بە چاوی خۆیان دەبینن رۆژانە.

 

سێیەم: نەبوونى ئاسایش و هەستنەکردن بە ئاسوودەیى لەڕووى ئەمنییەوە، نەبوونى ئاسایش تەنها ئەوە نییە کە وڵات لەشەڕدا بێت، بەڵکو کاتێک هاووڵاتیى هەست دەکات دادگاکان سەربەخۆ نین و دادپەروەرانە بڕیار نادەن و لەسەر کۆمێنتێک هاوڵاتی زیندانی دەکرێت، کاتێک هەست دەکات چەندین جۆر هێزى چەکدار لەژێر ناوى جیاوازدا هەن چاوەڕوانە لەهەر ساتێکدا بێت بەبیانوویەکەوە هەڵکوتنە سەرى، ترسى هەیە لەوەى منداڵە بەرپرسێک لەسەر لایت لێدانێک بیکوژێت، کاتێک لە بادینان دەیان چالاکوان و هاووڵاتیى دەستگیردەکرێن و لەسەر چاتى فەیسبوک حوکم دەدرێن، کاتێک هەڵدەکوتنە سەر خاوەن ریستۆرانتێک و هێرش دەکەنە سەرى، ئەوا هاووڵاتیان لەسەرانسەرى هەرێمدا هەست بە ئاسایش و ئاسوودەیى ناکەن و ترسیان هەیە رۆژێک هەمان رووداو بەسەر ئەوانیشدا بێت.

 

چوارەم: نەبوونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ژیان، پاڵى بەزۆرێک لە هاووڵاتیانەوە ناوە کە بیر لەجێهێشتنى نیشتمان بکەنەوە، کاتێک هاووڵاتییەک ئاوى نییە، کارەباى نییە، بەدواى ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانەدا دەگەڕێت، هاووڵاتى هەرێمى کوردستان هەست بەوە دەکات کە سیستمى تەندروستى لە وڵاتەکەیدا بەتەواوى هەرەسى هێناوە، چونکە رۆژانە بە بەرچاوى خۆیەوە هەموو بەرپرسان و منداڵ و خانەوادەکانیان و کەسانى دەستڕۆیشتوو، بۆ چارەسەرى نەخۆشییەکانیان روو لە نەخۆشخانەکانى ئەوروپاو ئەمریکا دەکەن و هاووڵاتیى هەرێمیش ترسى ئەوەى هەیە گەر نەخۆش بکەوێت چۆن پارەى چارەسەرەکەی پەیدا بکات، بۆیە دواجار بیر لەوە دەکاتەوە ئەویش لەوڵاتێکدا بژى کە چارەسەرى خۆى و خانەوادەکەى گەرەنتی کراوبێت.

 

بۆیە جگە لەوەی داواکارین وڵاتانی ئەوروپا وەک هەر مرۆڤێکی سەر گۆی زەوی رێزی مافەکانی ئەو هاوڵاتییانەش بگرن، ئەوا دەمانەوێت بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و قونسوڵیەت و باڵوێزخانەکانی دونیای رونبکەینەوە کە چارەسەری تەواوەتی ئەم کێشانە بریتییە لە فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم کە رێز لە یاسا بگرن و دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزتر بکرێت و فشاری راستەقینە بخەنە سەر دوو پارتی دەسەڵاتدار کە هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بکرێت لە کاتی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمسیۆنێکی بێلایەن و سەربەخۆی راستەقینە، کە دڵنیاین بە بونی ئەم هەڵبژاردن و ئەم چاودێرییە نێودەوڵەتییە، فشاری راستەقینە دەکەوێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و قۆناغ بە قۆناغ چاکسازی راستەقینە ئەنجام دەدرێت و کێشەکانی هەرێم چارەسەر دەکرێن، بەدەر لەمەی کە ژیانی کوردستان و هاوڵاتییان خۆشبکرێت ، هیچ هەنگاوێکی تر بابەتی کۆچکردن نە چارەسەر دەکات و نە رێیشی پێ دەگیرێت.



PM:05:13:14/11/2021