لاهوری شێخ جەنگی داوای لێبوردن دەکات


لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانیدا، داوای لێبوردن دەکات.

لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٢٣٧ ساڵەی دامەزراندنی سلێمانییەوە لاهور جەنگی هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتی دەڵێت" هەر بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانییەوە، دەمەوێت داوای لێبووردنیان لێبکەم بەرامبەر ئەو هەموو ئازارەی کە ئەم ماوەیە خستوومانەتە دڵی تاک بەتاکی ئەم شارە مەزن و خۆشەویستە".

دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی

لە یادی ٢٣٧ ساڵەی لە دایکبوونی سلێمانی، شارە حەیاتەکە، سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم لە بەردەم ئەم شارە شازە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی، کە هەمیشە خەم و ئازاری ئەم میللەتەیان لە ئامێزگرتووە، ئەم شارە پێشەنگ و پێشڕەو بووە لە قوربانیدان و خۆڕاگری و به‌ره‌نگاربوونەوە، ئازا و ئازاد، بە هەڵوێست و بزوێنەری گۆڕانکاری و جۆشدانی خەبات و هەستانەوە و جووڵانەوەی سیاسی و یاخیبوون و ڕەتکردنەوەی غەدر و ناهەقی و دەسەڵاتی تاکڕەویی بووە، سلێمانی پڕە لە ورە و وزە، ڕەشەبایە دژ بە غەدر و ناهەقی، ئارام و لەسەرخۆیە لەگەڵ ئاوەدانی و ئارامی و گەشەپێدان و خزمەتکردن. مەشخەڵی زانست و مەڵبەندی دەرکەوتنی دەیان ڕووناکبیر و تێکۆشەر و کەسایەتی دیار و سەرکردەیە کە ڕەچەشکێن بوون لە ڕووداوە سیاسی و ئەدەبی و ڕووناکبیری و مێژووییەکاندا. 

وەک یەکێتییەک، خزمەتکاری ڕاستەقینەی سلێمانی دەبم و هەتا ماوم خۆم بە قەرزداری خاک و خەڵکەکەی دەزانم، دژ بە هەر سیاسەتێک دەوەستمەوە کە بیەوێت ئەم شارە پەراوێز و پشتگوێ بخات و ستەمی لێبکات. هەر لێرەشەوە دەمەوێت داوای لێبووردنیان لێبکەم بەرامبەر ئەو هەموو ئازارەی کە ئەم ماوەیە خستوومانەتە دڵی تاک بەتاکی ئەم شارە مەزن و خۆشەویستە.

پیرۆزبێت یادی بنیادنانی شارە حەیاتەکە و شاری ھەڵمەت و قوربانی.

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان



PM:10:19:14/11/2021