كازمی: کاردەکەین بۆ هێنانەوەى سەرجەم کۆچبەرانی گیرخواردو

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا کۆبووە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی كۆچبەرانی عێراق لە ئەوروپا كرا و سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد" کە حكومەتی فیدڕاڵ كاردەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی سەرجەم ئەو كۆچبەرانەی كە لەسەر سنورەكانی یەكێتی ئەوروپا گیریان خواردوە". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، مستەفا كازمی پێشوازی لە مارگرێتیس چیناس، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا کرد و تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی عێراق و یەكێتی ئەوروپا لەسەر ئاستە جیاجیاكان کرد. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە" لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا پرسی ئەو كۆچبەرە عێراقییانە تاوتوێ كراوە كە لەسەر سنورەكانی یەكێتی ئەوروپا گیریان خواردوە". 

لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردەوە كە حكومەتەكەی كاردەكات لەسەر گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی سەرجەم كۆچبەرە عێراقییە گیرخواردوەكان بەشێوەیەك كە شكۆیان پارێزراو بێت.

لای خۆیشییەوە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، پێزانینی یەكێتی ئەوروپای بۆ عێراق دەربڕی و جەختیشی لە گرنگی هاوكاری هاوبەشی هەردوولا كردەوە بۆ گەڕاندنەوەی كۆچبەرانی عێراق. 


PM:07:17:15/11/2021