لەبارەی دۆخی کۆچبەرانەوە پوتن و ماكرۆن رێككەوتن

‌دیمەنێکی کۆچبەرانی سەر سنوری پۆڵەندا و بیلاڕووسیا
بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە نێوان سنووری پۆڵەندا و بیلاروسیا دروستبووە ئێوارەی ئەمرۆ سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆكی رووسیا لەسەر هێۆركردنەوەی دۆخی سەرسنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە رێككەوتن.

کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا (ئیلیزێ) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و ڤلادمێر پوتین سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا رێککەوتن گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا کەمبکرێتەوە کە بەهۆی قەیرانی کۆچبەرانەوە دروستبووە".

كەمێك پێش ئێستاش وەزیری بەرگری بیلاروسیا ڕایگەیاند" کە جموجۆڵی هێزەكانی ناتۆ لەسەر سنوری وڵاتەكەی وەكو ئامادەكاری جەنگە". 

لای خۆشییەوە هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکرد" سزای سەرجەم ئەو کۆمپانیانە دەدرێت کە کۆچبەران بۆ بیلاڕوسیا دەگوازنەوە و لە ئایندەدا ئەو کۆمپانیایانە رێگەیان پێنادرێت گەشتەکانیان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەنجام بدەن". 


PM:11:11:15/11/2021