محەمەد حاجی مەحمود: پۆستی سەرۆک کۆمار لای کورد بێت بۆ شیعە بێ مەترسییە

 

سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دەڵێت، "لایەنە شیعەکان پۆستی سەرۆککۆمار نادەن بە سونە، چونکە سەرۆککۆمار هێزی چەکداری لەژێر دەسەڵاتدایە و ترسی کودەتایان هەیە".

 

محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی شۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەمرۆ سێشەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بۆ دەنگی ئەمریکا، باسی لەوەکرد، دەبوایە پێش هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشاندایەتەوە، بەڵام تائێستا خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بۆیە پەرلەمان مافی هەیە تا ٦ مانگی تر بمێنێتەوە، دەبووایە پێشتر ئەم کێشە چارەسەر بکرایە، هەروەها ئەوەی لە هەڵبژاردن دا بووەتە کەمینە، ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق زۆرینەیە.

ئەوەشی لەدەرەوە زۆرینەیە، لەناو پەرلەمان کەمینەیە، بۆیە ئەو گومانە دروستبووە، ئایا پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە یان نا، ڕەنگە کورد و سونە لە پۆستی سەرۆکوەزیران دا قسەیان هەبێت، بەڵام شیعە خۆی بڕیار دەدات، کێ دەکەنە سەرۆکوەزیران
.

وتیشی،"کورد و شیعە لەم هەڵبژاردنەداو لەسایەی یاسای نوێ دا، لە ناوچە کێشە لەسەرەکان زەرەریان کرد، لەکاتێکدا عەرەبی سونە قازانجی کرد".

 

سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "کێشەی عێراق، کێشەی نێوان ئێران و ئەمەریکایە، بڕیار لە عێراق و کوردستان نادرێت، بەڵکو لە دەرەوەی عێراق دەدرێت.

ناوبراو وتی،"پێش هەڵبژاردن، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلایەن تورکیاوە بانگکرا و لابرا، کەسێکی تر خرایە جێگەکەی بێ ئەوەی پرس بەکەس بکەن، خەنجەر و حەلبوسی بانگکران بۆ تورکیا و ئامۆژگاری کران و نێردرانەوە، واتە بڕیار لەدەرەوە دەدرێت، هەمووی لەم وڵاتەدا بە وەکالەت ئیش دەکات".

 بەڕا و بۆچوونی، محەمەدی حاجی مەحمود، کورد لەهەموو لایەنە عێراقیەکانی تر سەربەخۆ ترە، بەڵام بێبەش نیە لەدەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی ڕاشیگەیاند "کورد بە ئاشکرا ناڕوات بۆ ئێران و تورکیا، یاخود لە وڵاتانی ترەوە سەرۆکەکانی بگۆڕن".



PM:08:06:16/11/2021