ئاری جەلال: هیچ کام لە حکومەتی عێراق و هەرێم هاوکاری گەڕانەوەی کۆچبەرانیان نەکردووە

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت" نە حکومەتی عێراقی نە حکومەتی هەرێم هیچ کامیان هاوکاری گەڕانەوەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان نەکردووە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەی هەیە تا ئێستا هێلە ئاسمانیەکانە کە کۆچبەران دەهێنێتەوە بلیتی فڕۆکەیان بە بێ بەرامبەر بۆ دابینکراوە". 

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە لێدوانێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" پێش مانگێک کە تازە ئەم کێشەیەی کۆچبەران سەری هەڵدابوو ئێمە بەنامەی فەرمی وەزارەتی دەرەوە و کۆچ و کۆچبەرانو حکومەتمان ئاگادارکردەوە و ئامادەیی خۆمان دەربڕی کە تیمێکی خۆمان بنێرینە ئەوێ بۆ لای ئەو کۆچبەرانەی کە خوازیارن ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەبەرامبەردا حکومەت هاوکار بێت بۆ پێدانی پاسپۆڕتی کاتی(جواز مرور) وە سەبارەت بەوانەشی لەوێ دەمێننەوە داوامان کردووە کە هیچ کەسێک بە زۆر نەگەڕێنرێتەوە". 

ئاری جەلال دەربارەی ڕێژەی پەنابەران باسی لەوەکرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتووە نزیکەی حەوت هەزار پەنابەر لەسەرتاسەری بیلاڕوسیا هەن کە زۆرترینیان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانن، لەو ژمارەیەش سێ-چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنورن، لەماوەی ئەمساڵی ڕابردوش نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەر توانیوییانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا لە کەمپەکانی پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیادان.

سەرۆکی دەزگای لوتکە ئەوەشی خستەڕوو، لەسەرەتادا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەیانویست بگەڕێنەوە زۆر زیاتر بوون لەو ژمارەیەی ئێستا کە باس دەکرێت بەڵام بەهۆی وەڵام نەدانەوەی حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ، چونکە زۆربەی ئەو کۆچبەرانە پارە و پاسپۆڕت و مۆبایلییان لێسەنرابوو لە ڕێگا، ئێمە وەک یەکەم دەزگا و ڕێکخراو داوای هاوکاری ئەو کۆچبەرانەمان کردووە هەمیشە"، 

ئاری جەلال جەختی لەوەشکردەوە،  تا ئێستا نەحکومەتی هەرێم نە حکومەتی عێراق هیچ کامیان هاوکاری کرداری مادییان بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە نەکردووە، ئەوەی هەیە هێڵە ئاسمانییەکانە کە بلیتی گەڕانەوەیان بێ بەرامبەر پێدراوە، ئێمە وەکو دەزگاکەمان داوامانکردووە کە هاوکاری مادیی ئەو کۆچبەرانە بکرێن جگە لە بلیتی فڕۆکە بۆ گەڕانەوەیان، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی خۆیان دروست بکەنەوە و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا، چونکە زۆر لەو کۆچبەرانە هەموو ماڵی خۆیان فرۆشتووە لەو ڕێگایە دایانناوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەرۆکی دەزگای لوتکە بەرپرسیارێتی ژیانی ئەو کۆچبەرانەی خستە ئۆباڵی بیلاڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا، لەو ڕووەوە وتی" بەشێوەیەکی سەرەکی بیلا ڕوسیا بە بەرپرسی یەکەم دەزانین کە ئەو ژمارە زۆرە ڤیزەی داوە لەکاتێکدا زانیویەتی بە نایاسایی ئەم کەسانە کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا لە وڵاتەکەیەوە، دووەم هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە بەرپرس دەزانین لە ژیانی و سەلامەتی ئەو کۆچبەرانە". 


PM:05:52:19/11/2021