کچە ١٣ ساڵەکەی کۆیە دوای ٤ رۆژ دۆزرایەوە

 
باوکى کچە ١٣ ساڵەکەی کۆیە کە بۆ ماوەى چوار رۆژ بێسەروشوێن بوو، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند "کچەکە دۆزراوەتەوەو گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە".

محەمەد باوکی شەیما ئەو کچەى کە چوار رۆژ بێسەروشوێن بوو بە میدیاکانی راگەیاند "دواى چوار رۆژ لە بێسەروشوێن بوونى شەیماى کچم دۆزرایەوە و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە".

ئەو کچە کە لەگەڵ هاوڕێیەکی چوار رۆژ لە مەوبەر چوو بوو بۆ قوتابخانە، ئەو چەند رۆژە لە ماڵێ هاوڕێیەکی لە گوندێکی نزیک کۆیە خۆی شاردۆتەوەو ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە ماڵی خۆیان.

باوکی کچەکە وتیشی "هەر ئەو کات لە بنکەی ئازادی کۆیە سکاڵامان تۆمارکردووە، داوامانکردووە لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بزانن کچەکەم چی بەسەرهاتووە."

هاوکات پۆلیسى کۆیە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە لە دواى چوار رۆژ لە ونبوونی کچەکە، لە ماڵى یەکێک لە خزمەکانیی کچێکى هاوڕێى ئاگادارکراونەتەوە کە کچەکە لە ماڵی هاوڕێ کچەکە خۆى شاردبوویەوە لە گوندێکى سنورى دەرەوەى قەزاى کۆیە".

پۆلیس دەشڵێت "دەیانوویست لەوێوە بچنە شارێکى کوردستان و لەوێشەوە بچنە شوێنێکى دیاریکراوى تر".

ونبوونی ئەو کچە مناڵە بۆ ماوەی چوار رۆژ بوو بووە بابەتی میدیاکان.




PM:02:08:20/11/2021