ئەو سێ ڕۆژنامەنوسەی لە ئێوارەی دوێنێ وە دەستگیر کرابوون تا ئێستا ئازاد نەکراون

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانی خوێند کاران برایە بەردەمی سەرای ئازادی سلێمانی، لەکاتی ئەرکی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا سێ ڕۆژنامەنوس لەئێوارەی دوێنێ وە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و تا ئێستا ئازاد نەکراون.

هەریەکە لە (بڕوا ئەسعەد) و (بەرهەم لەتیف)، تیمی ئاژانسی ڕۆژ نیوزن لە سلێمانی، هەروەها (عەباس ئەرکوازی) پەیامنێری کەناڵی بەغدادیە یە،  تا ئێستا هیچکام لە ڕۆژنامەوانان ئازاد نەکراون.

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی پێنج ڕۆژە خوێندکاران بۆ پێدانی دەرماڵەی خوێندن خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، دوێنێ ئێوارە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان گۆڕا بۆ بەردەمی سەرای ئازادی سلێمانی و دوو بارە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەئەمنییەکاندا دروست بوو، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسک رێژ و تەقەکردن بڵاوە یان بە خۆپیشاندەران کرد و هاوکات خوێندکارێکی تەمەن ٢١ ساڵان بەفیشەکی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو.

 



AM:10:07:25/11/2021