گەنجێکی رزگاربووی بەلەمی نوقمبووی نێوان فەرەنساو بەریتانیا، چیرۆکی ئەو کارەساتەکە دەگێڕێتەوە


 
ئەو گەنجە رزگاربووەی بەلەمە نوقمبووەکەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا کە محەممەد ئیبراهیمە چیرۆکی ئەو کارەساتە دەگێڕێتەوەو دەڵێت" لەو ٣٣ کەسەی لەناو بەلەمەکەدابوون نیوەیان کوردبوون".
 
  ئەو گەنجە کە ٢١ ساڵەو  لەگەڵ کەسێکی سۆماڵی لە کۆی ٣٣ کۆچبەر رزگاریان بووە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی رووداودا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەر لە ٤٥ رۆژێك چووە بێلاڕووس، لەوێشەوە چووەتە پۆڵەندا، ئینجا ئەڵمانیا و لەوێشەوە خۆی گەیاندووەتە فەرەنسا. دوو هەفتە لە جەنگەڵی كاڵاس بووە. لەنێوان كاژێر ٨ بۆ ٩ ی شەوی ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١دا لەگەڵ ٣٢ كەسی دیكە سواری بەلەمێك بووە كە پێكهاتووە لە چووپێكی گەورە و، ویستوویانە نۆكەندی ٣٤ كیلۆمەتریی ئینگلیز دەربازبكەن و بگەنە شوێنی مەبەستیان، بەریتانیا.
  
محمەد باس لەوە دەکات، دوای ماوەیەك لە دەستپێكردنی گەشتە قاچاخە ئاوییەكەیان، ئاو دێتە ناو بەلەمەكەیانەوە لەلای ماتۆڕەكەیەوە و بە دەست فڕێیدەدەنە دەرەوە، ئینجا كون دەبێت و لە كار دەكەوێت. كە پەیوەندی بە پۆلیسی فەرەنساوە دەكەن و شوێنەكەیان بۆ دەنێرن، پۆلیسی فەرەنسا پێیاندەڵێ ئێوە لە ئاوی بەریتانیادان و پەیوەندی بە پۆلیسی بەریتانیاوە بكەن، بەڵام پۆلیسی بەریتانیاش پێیاندەڵێ پەیوەندی بە پۆلیسی فەرەنساوە بكەن.
 ئەوەی بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ پۆلیسەكان دەكات گەنجێكی دەربەندیخان دەبێت، كە گەنجێكی كورد دەبێت و یەكێك دەبێت لە پێنج كەسەكەی خێزانەكەی قەزای دەربەندیخانی پارێزگای سلێمانی. 
 
بەوشێوەیە ئەو ٣٣ كەسە لەگەڵ شۆفێری سەر ماتۆڕی بەلەمەكە، كە پیاوێكی میسری دەبێت بەتەواوی دەكەونە بەر مەترسی بەكۆمەڵ مردنەوە. ئەوان تاوەكو بەیانی دەست بە بەلەمەكەوە دەگرن، كە تاوەكو ئەوكات بەشێكی هێشتا هەوای تێدا مابوو. محەممەد دەڵێ دوای 12١٢ كاژێر مانەوە لەنێو ئاودا "دەستمان لە بەلەمەكە و ژیان بەردا". 
 
هەموو ئەو كەسانەی سواری بەلەمەكە كرابوون گیانیان لەدەستدا جگە لە خۆی و گەنجە سۆماڵییەكە، بەقسەی محەممەد ١٥ لەسەرنشینانی بەلەمەكە كوردبوون. دوای ئەوان دوو كەسی دیكەش لە بەلەمەكە رزگاركرابوون، بەڵام لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. 



PM:10:08:28/11/2021