بافڵ تاڵەبانی داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکات

هاوسەرۆکی یەکێتی کە دوو رۆژ لەمەوبەر ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی بینی، ئەمڕۆ سێ شەممە داوای لێبوردنی لێکردن و نیگەرانی خۆی دەردەبڕیت لەمەڕ ئەو توندوتیژیە " ناڕەوایەی " بەرامبەریان کرا.

لە پەیامێکدا کە تایبەتە بە خۆپیشاندانی خوێندکاران و ئەو رووداوانەی روویان دا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی دەڵێت "ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێك لە خوێندكاران كرا زۆر نیگەرانی كردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە كوڕ و كچ و خوشك و براكانم دەكەم، كە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەكی گەش ھەنگاودەنێن لەپێناو نەكوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەكرد".

هاوسەرۆکی یەکێتی داوا لە خوێندکاران دەکات بۆ ھەر داواكارییەك پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربكەونەوە لە توندوتیژی و یاساشكێنی و دەڵێت " رێمەدەن كەسانی ھەلپەرست داوا رەواكانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت ئەمە خزمەت بە خواستەكانتان ناكات، داوام وایە قەت ئەم رێگایە ھەڵنەبژێرن و بیری لێنەكەنەوە".

بافڵ تاڵەبانی کە بەڵێنێکی زارەکەی دا لە هەفتەیەکدا چارەسەری کێشەی دەرماڵە بکات، لە کۆتاییدا دەڵێت" بەڵێنیشتان پێدەدەم كە گۆڕانكاری گەورە دەكەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانتان و چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، لەمەودوا نزیكتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندكاران پێكەوە كاردەكەین لە پێناو ئایندەیەكی گەشتر بۆ گەلەكەمان بۆ ھەر داھێنان و سەركەوتنێك، داكۆكیكاری بەدیھێنانی ئاواتەكانیشتان دەبم".

هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان سازکرد بە مەبەستی خەرجکردنی دەرماڵە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە توندی وەڵامیان دانەوەو سەدانیان لێدەستگیرکردن، هەرچەندە دەزگا ئەمنییەکان هەموو خوێندکارانیان بە کەفالەت و بێ کەفالەت ئازاد کرد، بەڵام هەندێک ناوەند ئاماژە بۆ مانەوەی هەندێک چالاکوان دەکەن کە لە زینداندا ماون بە تۆمەتی بەلارێدا بردنی خۆپیشاندانەکان و کاری گێرەشێوێنی.



PM:12:10:30/11/2021