کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا داوا دەکات سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
وەک میدیا ئەوروپییەکان بڵاویان کردەوە، کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا لە کۆبونەوەی ٢٩ی تشرینی دووەم و ٢ی کانونی یەکەمدا پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکی تاوتوێ کرد.
بەنان مۆلو، پارێزەری دەمیرتاش بە میدیاکانی باکوری راگەیاندووە "کۆمیتەی وەزیران لەبارەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بڕیاریداوە، داوای کردووە دەمیرتاش ئازاد بکرێت و دادگای دەستوری بنەڕەتی تورکیا بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کار بکات”.
مۆلو باس لەوەش دەکات، کۆمیتەکە داواشی کردووە، یاساکانی دادوەری لە تورکیا هەمواربکرێنەوە و بە تایبەتی ڕێز لە جیاوازیی و ئازادیی ڕادەربڕین بگیرێت و کۆتایی بە دەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی ئەنقەست بهێنرێت.
جێگای ئاماژەیە، لە دانیشتنی ١ی کانونی یەکەمدا لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا، دۆخی ئیمراڵی و زیندانیی عەبدوڵا ئۆچ ئالان تاوتوێکراوە.