کەنەکە: پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان وەک ساڵی (٢٠١٤) لە دژی داعش یەکگرتوو بن

دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان وەک ساڵی (٢٠١٤) لە دژی داعش یەکگرتوو بن".

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ماوەیەکە داعش بە هێرش و پەلاماردانی بۆ سەر چەندین شوێن لە باشووری کوردستان دەستپێکردۆتەوە. بە تایبەتیش ناوچە دابڕاوەکان. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا چەندین پێشمەرگەو هاوولاتی شەهید بوون. راستە هەمووان بە دڕندایەتی داعش ئاشنان، بەڵام هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە بە بێ هاوکاری و بێ پیلانی دوژمنانی کوردستان بەڕێوەناچێت. هەر لە شەنگاڵەوە هەتا خانەقین گەلی ئێمە لەو ناوچە دابڕاوانە لەژێر هەڕەشەدایە". 

ئەوەشی خستەڕوو، پێش چەند رۆژێک داعش هێرشی بۆ سەر چەند شوێنێک لە دەوروبەری کەرکوک و کفری و کەلار کرد. لە ئەنجامدا چەندین پێشمەرگە و هاوولاتی گیانیان لەدەست دا، شەوی ٢ی ئەم مانگەش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجەی شارۆچکەی مەخمور و  ژمارەیەک پێشمەرگەو خەڵکی سڤیلی گوندەکەیان شەهید کرد. ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هاوبەشی خەمی خانەوادەی قوربانیانین و سەرەخۆشی لە ئەوان و تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکردووە" لە لایەکی ترەوە هەموو دەزانین ماوەیەکی درێژە داعش لە دەوروبەری کەرکوک و گەرمیان و قەرەچوغ و ئەو ناوچانە، خەریکی خۆرێکخستنەوەو پلانی هێرشکردنە، بێگومان ئەو هێرشانە چاوەڕوانکراو بوون، بەڵام ئەوەی جێی داخە خەمساردی و نائامادەکاریی هێزەکانی ئەو ناوچانەیە، بە داخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە کەمتەرخەم و بێ ئامادەکارییە". 

کەنەکە دەشڵێت" ئاشکرایە خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانەی کوردستان هەمیشە لە ژێر هەڕەشە و پەلامارداندان، ئەمە تەنیا پەیوەندی بە پارت و هێزێکی تایبەتەوە نییە، ئەمە پرسی هەموو خەڵکی کوردستانە، لەبەرئەوە پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە بەرامبەر ئەو ناوچانەدا خۆ بە بەرپرسیار بزانن و یەکڕیز بن، بەرپرسیاریتی یەکەمیش ئەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، پێویستە لەو رووەوە بە زووترین کات هەموو ئامادەکارییەک بکات.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە هەموو ئەندامانی خۆیان و سەرجەم پارت و هێزە کوردستانییەکان دەکات" کە بە هەموو توانای خۆیانەوە لە پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانەدا بەشداری کارا بن". 


PM:01:58:04/12/2021