ڕاگەیاندراوێک لەسەر کەمی غاز بڵاوکرایەوە

 سەرۆکى لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، مەعمەلەكان غاز دروست ناكەن، ئەوان غاز پڕ دەكەن رۆڵی ئەوان وەك بەنزینخانەیە زیاتر نەک بەرهەمهێن.

 

ئەمڕۆ ٨ی کانوونی یەکەم، کەریم عەلی کەریم سەرۆکى لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، هەركات خواست لەسەر غاز بەرزببێتەوە ئەم قەیرانە ڕوودەدات، ئەو ڕێژە غازەی بۆ هاوڵاتیان دانراوە كەمە و لە بنەڕەتەوە بەش ناكات، ئێستاش خواست زیاتر بووە، بەغدا ڕۆژانە بڕی ١٥٠ تەن غازمان پێدەدات، ئەوەش قەیرانەكە قووڵتر دەکاتەوە.

وتیشی"ئێمە ناکرێت بۆ هەموو شتێک بەرۆکی بەغدا بگرین، پێویستە حکومەتی هەرێم بێتەسەر خەت و ئەم کێشەیە چارەسەر بکات." 

 

دەشلێت "مەعمەلەكان غاز دروست ناكەن، ئەوان غاز پڕ دەكەن كە لە داناغاز و شوێنی تر وەریدەگرن و رۆڵی ئەوان وەك بەنزینخانەیە زیاتر و بەرهەمهێن نین." 

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد، "دانە غاز ٧٠٠ تەن دەدات بە پارێزگاكان ئەمەش كەمە و لە ئێستادا پێویست بە ١٥٠٠ تۆن دەكات چونكە بەكارهێنان زۆرە و بەهۆی سەرماو بێ كارەبایی و بێ نەوتی بەكارهێنان زۆرە". 

ئەوەشی وت "ئەگەر بێتو بچینە سەرما و زستانەوە قەیرانەكە قورستر دەبێت چونكە بەكارهێنانی غاز زیاتر دەبێت". 

 



PM:01:55:08/12/2021