ژمارەی ئەو داوایانەی لەسەر کەیسی گەندەڵی تۆمارکراون لە هەڵکشاندایە

سەرۆکی دەستەی ئەستۆپاکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات ژمارەی ئەو سکاڵایانەی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لە دادگاکانی ھەرێم بە راورد بە ساڵی پار تۆمار کراون لە هەڵکشاندایە.

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی ئەستۆپاکی ھەرێمی کوردستان لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ئەمساڵ ٤٤٥ سکاڵا لە دادگاکانی ھەرێم تۆمار کراوە، لەکاتێکدا لەچەند ساڵی رابردوو ٥٦٠ سکاڵا تۆمارکرابوو".

سەرۆکی دەستەی ئەستۆپاکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئێستادا ژمارەیەک لەو سکاڵایانە لە دادگا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت پەیوەستن بە ٨٠٤ دۆسیەی گەندەڵییەوە.

" لە ئێستا ١٣٦ دۆسیە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەی ئەستۆپاکی ھەرێم لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و یەکلایی کراونەتەوە".( سەرۆکی دەستەی ئەستۆپاکی هەرێم رایگەیاند).

ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد لەم ساڵیشدا ٩٤ دۆسیەی دیکە لە دادگاکانی ھەرێم یەکلایی دەکرێنەوە کە تایبەتمەندن لە گەندەڵیداو،  ١٢٣ دۆسیە لە قۆناغی دادگایی کردندایە و ھێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی ئەستۆپاکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر باشتر بووە لە رووی دادگایی کردن و یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکان، چونکە ساڵی رابردوو بەھۆی سەرھەڵدانی کۆرۆناوە کارەکان وەک پێویست جێبەجێنەکراون.



PM:04:39:09/12/2021