یەکێتی و پارتی "خەمى جەماوەریان نیە هێندەى خەمى خۆیانە"

ئەندامێکى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى دەڵێت، "هاوڵاتیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى پارتى و یەکێتى قسەکانیان لەسەر یەکتر ڕاستە و هەردوو لا داهاتەکان لە یەکتر دەشارنەوە".

ئەرسەلان بایز ١٥ی كانونی یەكەم، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت "هەر لەکاتى دوا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقەوە تا ئەمڕۆ، هەردوو حیزب لە شاشەى تەلەفزیۆن و لاپەڕەکانى ڕۆژنامەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کۆڕو کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا، هەڵمەتێکى توندوو بێ ئامانیان لەبەرامبەر یەکتردا دەستپێکردووە".

دەشڵێت "پارتیەکان (ی.ن.ک) بەوە تۆمەتبار دەکەن گوایە بەشێکى واریداتى گومرگى سنورەکان و باج و خەراجى ناوخۆى ناوچەى سەوز ناگەڕێتەوە گەنجینەى وەزارەتى حکومەتى هەرێم و کەس نازانێ بەرەو کوێ دەڕوات".

یەکێتیش دەڵێ "تەنیا بەشێکى واریداتى پارەى نەوت و باج و خەراجى ناوچەى زەرد دەگەڕێتەوە گەنجینەى وەزارەتى دارایی و باقیەکەى نادیار."  

ئەرسەلان بایز وتیشی "هەردوو حیزب ڕۆژانە کادیرو لایەنگرانى خۆیان بە گیانى دوژمنایەتى لەبەرامبەر یەکتر پەروەردە دەکەن و قسەى سوک و هەڵبەستراو بەیەکتر دەڵێن، ڕەفتارى هەردوو حیزب جەماوەریان بێزارو ناڕەحەت کردووە، متمانەیان لە نێوان هەردوو حیزب و حکومەت لەلایەک و لەلایەکى ترەوە لەگەڵ جەماوەر کزو لاواز کردووە".

باسی لەوەشیکرد، هەر بۆیەش هەردوو حیزب سەربارى زیادبوونى دەنگى سێ پشت لە هەڵبژاردندا زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگیان کەمى کردووە. بەڵام بەداخەوە هەردوو حیزب هێندەى سەرقاڵى بردنەوەى کورسى و لاف گەزاف لێدانى ژمارەى کورسیەکانیانن، هێندەى خەمى لەیەکتر بردنەوەیانە، نیو هێندە خەمى کەمکردنەوەى دەنگى جەماوەرو نەمانى متمانەى جەماوەر بە حیزبەکان نین.  

ئەرسەلان بایز دەشڵێت، "هاوڵاتیانى کوردستان لە ئەنجامى ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەى حیزبەکان لەسەر یەکتر گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى کە هەردوو حیزب قسەکانیان لەسەر یەکتر ڕاستەو هەردوو لا واریداتەکان لە یەکتر دەشارنەوە، خەمى جەماوەریان نیەهێندەى خەمى خۆیانە، خوایە کارەکە لە دەست ئێمە دەرچووە هاوار بۆ تۆ ئێمە هەردوو حیزبەکان بگەڕێنیتەوە سەر ڕێبازى ڕاست و خزمەتگوزارى میللەت و گێڕانەوەى متمانە لە نێوانماندا".  

 

 



PM:04:08:15/12/2021