رێکخراوی جاسەنە: ئەو هێرشەی سەر شێرزاد حەسەن راگرن

رێخکراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات ئەو هێرشەی سەر مامۆستا شێرزاد حەسەنی نوسەرو رۆشنبیر راگیرێت و دەڵێت" ماوەیەکە هەڕەشەی ترسناک و هێرشی بەردەوام بۆ سەر ژیان و کەسایەتی ئەو نوسەرە گەورەی گەلەکەمان دەستیپێکردوە، لاشاوی ئەو هەڕەشە و هێرشە بەردەوامانە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە بونی فکری داعش وەک کردەی دیاروڕۆشنی توندوتیژی و جۆرێک لە فاشیزمی دینی بە قوڵی لە هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا ڕەگی داکوتاوە و خواستیەتی کۆمەڵگا بەرەو داڕزانی زیاتر و وێرانەیی و تێکشکانی یەکجارەکی بەرێت".

رێکخراوی جاسەنە کە مانگی ئایاری ئەمساڵ ٢٠٠٥ لەلایەن ژمارەیەک رۆژنامەنووس و ئەکادیمیەوە دامەزرا، لەو بەیانەدا لەسەر ئەو هێرشەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێتە سەر نوسەر و رۆشنبیر شێرزاد حەسەن، دەڵێت" ئێمە لە کاتێکدا ئەم هێرش و هەڕەشە بەردەوامانە بە مەترسی گەورە بۆ سەر ئازادی بیروباوەڕ و بۆ سەر فکر و جوڵانەوەی ڕۆشنبیری کوردی و کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی دەبینین لە هەمان کاتدا زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردار وهەوڵە پوچ و فاشیستانەی سەر ئازادی ڕادەربڕین و سەر بیروبۆچونی ئازادانەی ڕۆشنبیران و تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی دەکەین و داواکارین دەسەڵاتی کوردی بەئاگابێتەوە و چیتر سەرقاڵبونی بە کێشەناوخۆییەکانی وگەندەڵیەکانی خۆیەوە وایلێنەکات خۆی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی بدزێتەوە".

دەقی بەیاننامەکەی رێکخراوی جاسەنە 

ئەو هێرشانەی سەر شێرزاد حەسەن ڕاگرن

لەپای وتەیەکی پەروەردەیی ئاسایی نوسەر و ڕوناکبیر مامۆستا شێرزاد حەسەن ماوەیەکە هەڕەشەی ترسناک و هێرشی بەردەوام بۆ سەر ژیان و کەسایەتی ئەو نوسەرە گەورەی گەلەکەمان دەستیپێکردوە، لاشاوی ئەو هەڕەشە و هێرشە بەردەوامانە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە بونی فکری داعش وەک کردەی دیاروڕۆشنی توندوتیژی و جۆرێک لە فاشیزمی دینی بە قوڵی لە هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا ڕەگی داکوتاوە و خواستیەتی کۆمەڵگا بەرەو داڕزانی زیاتر و وێرانەیی و تێکشکانی یەکجارەکی بەرێت، بێگومان بەر لە هەر کەسێک و لایەنێک حکومەتی هەرێمی کوردستان وتێکڕای حیبزبەکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان و هەندێ مینبەری ئاینی توندڕەو و دادگاکان و داواکاری گشتی لەم دیاردە ترسناکانە بەرپرسیارن، ئێمە لە کاتێکدا ئەم هێرش و هەڕەشە بەردەوامانە بە مەترسی گەورە بۆ سەر ئازادی بیروباوەڕ و بۆ سەر فکر و جوڵانەوەی ڕۆشنبیری کوردی و کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی دەبینین لە هەمان کاتدا زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردار وهەوڵە پوچ و فاشیستانەی سەر ئازادی ڕادەربڕین و سەر بیروبۆچونی ئازادانەی ڕۆشنبیران و تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی دەکەین و داواکارین دەسەڵاتی کوردی بەئاگابێتەوە و چیتر سەرقاڵبونی بە کێشەناوخۆییەکانی وگەندەڵیەکانی خۆیەوە وایلێنەکات خۆی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی بدزێتەوە،بە دڵنیاییەوە و بە ڕوونی و بێ ئەملاولا دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە ئیمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا کورسیەکانی دەسەڵات و سەرمایەی نەوت وداهاتەکانیتر بەدەست دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەسەڵاتی کۆمەڵگاش بەدەست هەندێ بزاوت وجوڵەی ئیسلامی توندڕەوەوەیە بەجۆرێک مەترسی جدی بۆ سەر ژیانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیەکانی تاکی کوردی و بۆ سەر ئایندەی خودی قەوارە لەرزۆکەکەی هەرێمیش دروستکردوە .
ئێمە دوبارەی دەکەینەوە دەبێت ئەم هەڵسوکەوتە دژە ئازدیانە ڕابگیرێن و داواش لە پیاوانی ئاینی وڕۆحانی کۆمەڵگای کوردی دەکەین هاوڕاو هاوکاربن و ڕۆڵی ئاین بگێڕنەوە بۆ دیوە ڕۆحانی و مرۆڤدۆستیەکەی وئەوانیش ڕۆڵی خۆیان لە ڕوبەڕوبونەوەی فکری داعشی و توندڕەوی نامۆو هاوردەکراو ببینن و هەموان بەیەکەوە لە گەیاندنی پەیامی پێکەوە ژیان و پێکەوە هەڵکردن و لێبوردەیی و یەکدی قبوڵکردن بەشداربین .  



PM:08:46:15/12/2021