وەزارەتی پەروەردە چەند شوێنێک پشووی راگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بەهۆی لافاوی زۆری ئەمڕۆی هەولێر و دەوربەری و شوێنەکانی تری کوردستان راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو پشووی لەچەند شوێنێک راگەیاندو، پەروەردەکانی تریشی سەر پشک کرد خۆیان بڕیار بدەن. 
دەقی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم:


١- تەواوی ئەوگەڕەکانەی بەر لافاو کەوتون دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن رادەگیرێت لە بەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی١٢ی٢٠٢١، تاوەکو کاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و بڕیار و ڕێنوێنییەکانی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکەن.

هەر مامۆستا و قوتابییەکیش کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بێت و دەوامی لەدەرەوەی ئەو گەرەکانە بێت کە بەر لافاو کەوتوون بەهۆی ئەوەی زیانیان بەرکەوتووە دەوام ناکەن و مۆڵەت پێدراودەبن .

٢- بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی یەکەی کارگێری لەکوردستان دەسەڵاتی تەواویان دەبێت لە هەر شوێنێک بەهۆی دۆخی کەشوهەوا بزانن کاریگەریی و مەترسی دروست دەبێت پێویستە (پێشوەختە بریار بدەن ) بۆ ڕاگرتنی دەوام بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران.


ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە شاری هەولێر تا ئێستا ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و زیانی ماددیی زۆریش بەر سەدان ماڵ و بازاڕ و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان کەوتووە.



PM:07:07:17/12/2021