ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی باڵای پارتی سەردانی شاری سلێمانی بکات و لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە دەباشان كۆببێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێ و بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ دەکرێت.

هاوکات شاندەکەی پارتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆکایەتی دەکات و ئەندامێتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی مەحموود محەممەد، جەعفەر ئێمینکی، زەعیم عەلی، عیزەدین بەرواری، عارف تەیفوور، هەروەها ئەندامانی سەرکردایەتی رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن و خەسرەو گۆران دەبێت.

لە هەڵبژاردنی ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كورد (٦٣) كورسی ئەنجومەنەكەی بەدەستهێنا، کە لەو ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١) کورسی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش (١٨) کورسی بەدەستهێنا.


AM:11:00:19/12/2021