حەمید بانەیی ڕەخنە لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەگرێت

هونەرمەندی ناسراوی باشووری کوردستان حەمید بانەیی لە نوسینێکیدا ڕەخنەی تووند لە ڤیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەگرێت و دەڵێت" ئەم فێستیڤاڵە سەرەتا لە سەر دەستی چەند کەسێک دەستیپێکرد، کە بە هەموو جۆرێک هەوڵیان دەدا بتوانن زۆرترین خەڵکی ناسراو و رۆشنبیرانی شارەکە لە خۆیان کۆبکەنەوە بۆ پاڵپشتی لە فێستیڤاڵەکەیان". 

حەمید بانەیی لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (فێستیڤاڵی سینەمای سلێمانی دەستیپێکردەوە و کۆتایی هات نازانم چۆن؟) ئاماژەی بەوەکردووە" ئەم فێستیڤاڵە سەرەتا لە سەر دەستی چەند کەسێک دەستیپێکرد کە بە هەموو جۆرێک هەوڵیان دەدا بتوانن زیاترین خەڵکانی ناسراو و هونەرمەندان و رۆشنبیرانی شارەکە لە خۆیان کۆ بکەنەوە بۆ پاڵپشتی لە فێستیڤاڵەکەیان و ئیتر چ  بۆ ئەوەی سپۆنسەر بکرێن و لەم فێستیڤاڵەدا عالەمێکیان لە هونەرمەندان و رۆشنبیران رەتاند تا بگەن بە ئامانجی خۆیان و ئەوانەشی ئەم کارەیان گرتە دەست هیچ لە سینەما تێنەگەیشتوون". 

ئەوەشی خستەڕوو، من کەسێکم هەر لە سەرەتای بیرۆکەی ئەو فێستیڤاڵەوە لە گەڵیاندا بێ وچان هاوکاریم کرد، لە کاتێکدا من هیچ پێویستیم بەوە نەبوو ناو و ناوبانگ پەیدا بکەم بە فێستیڤاڵەکەیان، چونکە من ناو و ناسنامەی خۆم هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا کاری زۆرم بۆ کردن و هەموو رۆژێک بۆ پەیداکردنی پاڵپشتی و سپۆنسەر بەردەوام دەیانگوت دەبێ تۆ بێیت لە گەڵمان و هەمیشە من دەبوومە هۆکاری ئەوەی رێزیان لێ بگیرێت و حسابیان بۆ بکرێت ئەگینا کێ ئەوانە دەناسێت کە دەستیان پێکردوە و هەر بە هۆی چەند کەسێکی وەک ئێمەوە پەیوەندیان لەگەڵ کاک زۆر لایەن بەیداکرد و ئەو لایەنانەش هەموو لایەکەوە هەوڵیاندا ببنە پاڵپشتێک بۆ فێستیڤاڵەکە، دوای ئەوەی بوونە خاوەنی فێستیڤاڵ و ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئەوەی من بۆم کردن بە کورتی بۆتان دەگێڕمەوە:

1- وەرگرتنی هێڵێکی ئینتەرنێتی گۆڵدی خۆڕایی لە لایەن (ع، ح، ب) بە حوکمی ئەوەی هاوڕێی زانکۆم بووە و خۆشم هاوکاری ئەوانم دەکرد لە هێڵی فاستلاین و ئەوە ماوەی پێنج ساڵە ئەو هێڵەیان هەیە بەخۆڕایی.

2- تەنها من خۆم قەناعەتم بە (ه، ب،ن) کرد کە دەعوەتێکی شاهانە بکات بۆ کاستی فێستیڤاڵ و میوانەکان کە (٣٠٠٠)$ تێچوو، کە خۆم ئامادە نەبووم لە دەعوەتەکە. 

3- پێشکەشکاریی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکان.

4- وەرگێڕانی دەلیلی فێستیڤاڵ بۆ زمانی عەرەبی.

5- وەرگێڕانی هەموو ئەو وتارانەی بۆ رۆژنامە عەرەبیەکان دەنێران.

6- هەموو تەلەفونێک بە زمانی عەرەبی یان بە ئینگلیزی بۆیان دەکرا هەموویان پەنچەر دەبوون و هانایان بۆ من دەهێنا و منیش بە ئەوپەڕی  جوانیەوە وەڵامم دەدانەوە.

حەمید بانەیی لە بەشێکی تری وتارەکەیدا باس لەوەش دەکات، ئایا دەچێتە عەقڵتانەوە من دوای ئەم هەموو کارە بۆ ئەم فێستیڤاڵە ساڵی یەکەم هەر ئەوەندەی فێستیڤاڵ نزیک بوەوە لە پڕ هەر هەموویان پشتیان تێکردم و وەک ئەوەی هیچم نەکردبێت؟ تا رۆژی پێش فێستیڤاڵی یەکەم (ع) پەیوەندی پێوەکردم و بە زۆر قەناعەتی پێکردم، چونکە ئیشیان پێم بوو منیش هەندێک کاری ترم بۆ کردن وەک رۆحێکی لێبوردەیی، کەچی بۆ ساڵی دووەمیش بە دوو هەفتە پێش فێستیڤاڵ هەمان شت رویدایەوە پشتیان تێکردمەوە، ئەو کارە تەنها بەرامبەر من نەکراوە و بەڵکو لە دوایین فێستیڤاڵدا بەرامبەر زۆربەی هونەرمەندان بوو، وەک (کامەران رەئوف، نەهرۆ ساڵح دەلۆیی، شوان عەتوف و ..هتد). 

دەشڵێت" من هەر ئەوەندە دەڵێم زۆر ئاساییە خزمەت و هاوکاری هەموو بوارێکی هونەر و ئەدەب بکەم و زۆریشم کردووە بێ هیچ بەرامبەرێک و سەدان نموونەی ئەو جۆرە کارانەم لایە کە کردوومە، بەڵام ئەوەی ناخۆشە و ئازارم دەدات ئەو کەسانەیە لە پاداشتا ئازارت بدەن". 


AM:09:53:22/12/2021