هێزی کۆماندۆ: بابەتی درۆ لەسەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ بڵاودەکرێنەوە

هێزەکانی کۆماندۆی کە سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەو لە ژێر فەرمانی شێخ جەعفەر مستەفادایە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بە بەرنامە بۆ داڕێژراو بابەتی درۆ و چەواشەکاری لەسەر فەرماندە و فەرماندەیی هێزی کۆماندۆی کوردستان ئەخزێننە نێو تۆڕە کۆمەڵاتییەکان.

لەو راگەیاندنەدا کە ئەمشەو چوار شەممە بڵاوکرایەوە تاییدا هاتووە "  ماوەیەکە هەندێک ڕۆژنامەنوس و میدیای کوردی کە دوورن لە ئەتەکیەتی ڕۆژنامەنوسی و ڕاگەیاندن بەبەرنامە بۆ داڕێژراو بابەتی درۆ و چەواشەکاری لەسەر فەرماندە و فەرماندەیی هێزی کۆماندۆی کوردستان ئەخزێننە نێو تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، و بەشێک لە پەیجەکان بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ ڕاستی و دروستی بابەتەکان بکەن لای خۆیان بڵاوی دەکەنەوە".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا ئەو هێزە دەڵێن " فەرماندەیی هێزی کۆماندۆی کوردستان خاوەنی ڕاگەیاندنی فەرمی خۆیەتی، هەر گۆڕانکاری و بابەتێک لەسەر فەرماندەییەکەمان هەبێت بەبێ سڵکردنەوە لەهیچ کەسێک و لایەنێک بڵاوی دەکەینەوە، و داوا لە ڕۆژنامەنوسان و سەرجەم خاوەن پەیج و ئاکاونتەکان ئەکەین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی بەرپرسیارن لەھەر بابەتێکی ناراست و هەر بابەتێکی چەواشەکاری لەسەر هێزەکەمان بڵاو بکەنەوە بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیارن".

شەوی پێنج شەممەی رابردوو لە سلێمانی بەهۆی شەڕی ناوخۆی ئەو هێزەو کوڕێکی شێخ جەعفەر مستەفاوە، چەکدارێکی ئەو هێزە کوژراو چەند چەکدارێکی تریان برینداربوون.



PM:10:32:22/12/2021