موقتەدا سەدر، شێوازی بەشداریکردنی کورد لە کابینەی نوێدا دیاریکرد


وتەبێژی فەرمیی موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی کوردی لە کابینەی نوێدا دیاریکردو دەڵێت" پۆستەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان هاوشێوەی ڕابردوو دابەش دەکرێنەوە لەو حکومەتەی ئەو بانگەشەی بۆ دەکات کە حکومەتی زۆرینەیە.

سەڵاح عوبەیدی، وتەبێژی فەرمیی موقتەدا سەدر پێنجشەممە ٣٠ ی کانونی یەکەمی بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، " هێشتا سەید موقتەدا سەدر پێکهێنانی حکومەتی نیشتیمانی لەبەرژەوەندی گەلی عێراق دەبینێت، حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی کەهەمووان لەباشورەوە بۆ باکور کۆبکاتەوە، هەندێک لایەنیش هیوادارن ڕێگەی ئۆپۆزسیۆن بوونی سەرکەوتوو بگرنەبەر، بەڵام گەر هەمووان پێداگیربن لەسەر حکومەتی تەوافقی، ئەوە دووبارە کردنەوەی هەمان هەڵەی حکومەتەکانی پێشووە."  

سەبارەت بەوەی لەحاڵەتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دا، کام لایەنی کوردی بەشداری پێدەکەن، وتەبێژەکەی سەدر ئاماژەی بەوەکردووە، "دەبێت لایەنە کوردییەکان خۆیان ڕێکبکەون لەسەر چۆنیەتی و ڕێگەی بەشداریکردنیان لە حکومەت."  

 "لەماوەی ڕابردوودا کوتلەی سەدری ئۆپۆزسیۆن بوو، هیچ کورسییەکی وەزاریان نەبوو، کورسییەکانی بۆ حکومەتەکەی عەبادی جێهێشت، وەزارەتمان لەحکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیش نەبوو، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت کاری خۆی بکات، هیچ کێشەیەک نیە، لەهەموو دونیا وایە چەند لایەنێک دەبنە ئۆپۆزسیۆن و چاودێری حکومەت دەکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن، لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی هەڵەکان."( وەک وتەبێژەکەی سەدر ئاماژەی بۆ دەکات).  

 لەبارەی بۆچوونی سەدریەکان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان، سەڵاح عوبەیدی دەڵێت، "ئەو پرسە هێشتا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە، بەڵام پۆستەکان لەسەر شێوازی پێشوو دابەش دەکرێنەوە، سەرۆک کۆمار بۆ کورد، پەرلەمان بۆ برایانی سونە و سەرۆک وەزیرانیش بۆ شیعە، گەر گۆڕانکاریش ڕوویدا، دەبێت بەڕێککەوتن بێت."  



PM:07:02:30/12/2021