یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە
(سپی) تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بڵاودەکاتەوە

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە یەکێتی و پارتی لە شاری هەولێر لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ بکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، رۆژی چوارشەممە ٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری هەولێر كۆدەبنەوە. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، لە كۆبوونەوەكەدا پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و یەك هەڵویستی كورد لەسەر كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ دەکرێت.

بەیانی دوێنێش مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ شاری كه‌ركوك كۆبۆوە و لە راگەیەندراوێكدا بەلاغی كۆبوونەوەكەی ئاشکرا کرد و جەخت لە سیاسەتی نەگۆڕی یەكێتی كرایەوە، كە پێویستە حكومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای دەستور و تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكان بكات.

هاوکات مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا داوای لە لیژنە ھاوبەشەكانی حزبەکەی و پارتی کرد، گەڵاڵەی بەرنامەی پێكەوەی لە بەغداد یەكلایی بكەنەوە. 

لە هەڵبژاردنی ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١) کورسی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش (١٧) کورسی بەدەستهێنا.


AM:12:01:04/01/2022