جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک هێرشی مووشەکی کرایە سەر بنکەی سەربازی فکتۆریای هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بە چوار مووشه‌كی جۆری كاتیۆشا هێرشكرایه‌وه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی ڤیكتۆریای هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداد.

میدیاکانی عێراق باس لەوەش دەکەن، به‌پێی‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان مووشه‌كه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی جیهاد له‌ نزیكی فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غداوه‌ هه‌ڵدرابوون،

تائێستا بەرپرسانی عێراق هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا نەکردووە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، کە ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە ڕۆژی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە ئۆپراسیۆنێکدا لەلایەن ئەمریکاوە لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەوتی بەغداد کرایە ئامانج و کوژران.

دوێنێ سێشەممەش دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشیانکردە سەر بنکەی سەربازی (عەین ئەسەد)ی ڕۆژئاوای بەغدای پایتەختی عێراق، كه‌ بنکەکە تایبه‌ته‌ به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانان توانیان شکست بە هێرشەکە بهێنن و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو. 


AM:10:10:05/01/2022