پۆڵەندا سەبارەت بە كۆچی نایاسایی بۆ وڵاتی بیلاروسیا هۆشداری دەدات


كونسوڵیەتی پۆڵەندا لەهەرێمی كوردستان هۆشداری بەهاوڵاتیانی كوردستان دەدات كە بەشێوەی نایاسایی لەڕێگەی بیلاڕووسەوە هەوڵی گەیشتن بەئەوروپا نەدەن.

 دابان نەجمەدین، ڕێكخەری پەیوەندیەكان لەژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە (سپی)ی راگەیاند، بڵاوكراوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا كە لەڕێگەی كونسۆڵییەتی پۆڵەنداوە لەهەولێر نێردراوە بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تیایدا ئەو مەترسی و پێشهاتانە ڕووندەكاتەوە سەبارەت بەو كەسانەی كە بە شێوەیەكی نایاسایی لەڕێگەی بیلاروسیاوە دەیانەوێت سنورەكانی پۆڵەندا ببەزێنن و بچنە ئەو وڵاتەوە.

ناوبراو روونیكردەوە، ئەم بڵاوكراوەیە بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە لەوەی بە گەشتكردنیان بۆ وڵاتی بیلاڕوسیا بڕیارێكی پڕ مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات كە هیچ بنەمایەكی یاساییان نییە و ناتوانن لە ئەوروپا جارێكی تر دەست بەژیانێكی تازە بكەنەوە، ئەو هاوڵاتیانەشی لە سنوری بیلاڕوسیان و ناتوانن بپەڕنەوە لە باردۆخێكی خراپدا ژیان گوزەر دەكەن و پارەیەكی زۆریان لە دەستچووە بەهۆی ئەو بڕیارە هەڵەیەوە.

دابان نەجمەدین وتی "وڵاتی پۆڵەندا لە چەند ساڵی ڕابردودا هەماهەنگی زۆر باشی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و گەشەیەكی بەرچاوی بازرگانی دروستبووە لەنێوان هەردوو وڵاتدا و یاداشتنامەی لێك تێگەشتن واژۆ كراوە لەنێوانی ژووری بازرگانی پۆڵەندی و یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان كە بەم هۆیەوە ئاسانكاری زۆر كراوە بۆ بازرگانانی كوردستان كە سەردانی پۆڵەندا بكەن بەمەبەستی چالاكی بازرگانی".

لەكۆتایی ساڵی رابردووەوە بە هەزاران هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، روویانكردە وڵاتی بیلاڕوسیا بۆ ئەوەی لەوێوە بگەنە ئەوروپا، بەڵام بەهۆی داخستنی سنووری بیلاڕووسا و پۆڵەنداوە ژمارەیەكیان گیانیان لەدەستدا و ئێستاش بەشێكی زۆریان لەسەر سنور ماونەتەوە.




AM:10:46:08/01/2022