چوارچێوەی هەمانگی شیعە هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکە رەتدەکاتەوە


چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە بەنزیک لە ئێران هەژمار دەکرێت، رایگەیاند، " دان بەئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەماندا نانێن بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی کاتی پەرلەمان"، کە مەبەست مەحمود مەشهەدانییە.

لە راگەیاندنێکدا کە ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویکردەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا هێرشکراوەتە سەر سەرۆکی کاتی پەرلەمان، بۆیە ناچاربووە داوای وردبینی یاسایی بکات لەبارەی لائیحەی خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵام بەهۆی هێرشکردنە سەرییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە کوتلەکان لەدەرەوەی یاسا درێژەیان بە دانیشتنەکە داوە.  

هەروەها هاتووە " ئەو کوتلانە بەرپرسیارێتی ئەو ئاڵۆزیانە و کاردانەوەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ و توندوتیژیان بەکارهێناوە بۆ سەپاندنی خۆیان".

ئەمرۆ دوای دروستبوونی پشێووی لە پەرلەمانی عێراق و گەیاندنی بەتەمەنترین سەرۆکی پەرلەمان مەحمود مەشهەدانی بە نەخۆشخانە، دانیشتنی پەرلەمان لە ژێر سەرۆکایەتی خالید دەراجی بەڕێوەچوو لە ئەنجامدا سەرۆکایەتی پەرلەمان بە سەرۆک و هەردوو جێگرەکەیەوە هەڵبژێردرا. 



PM:10:45:09/01/2022