وەزارەتی پلاندانان هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەرەخسێنێت

وەزارەتی پلاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ئێستادا وەزارەتەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، سەرقاڵی داڕشتنەوەی ڕێنمایی نوێن بۆ چۆنیەتی هێنانی کرێکار و کارمەندی بیانی بۆ هەرێم بە ئامانجی ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا زیاتر هەلی کار بۆ لاوان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگان برەخسێنن".

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پلاندانان:

ڕێنمایی نوێ بۆ ھێنانی کرێکار و کارمەندی بیانی

وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، سەرقاڵی داڕشتنەوەی ڕێنمایی نوێین بۆ چۆنیەتی هێنانی کرێکار و کارمەندی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی (١٠-١-٢٠٢٢)، لە دیوانی وەزارەتی پلاندانان، بە سەرپەرشتی بەڕێز (د.دارا ڕەشید) وەزیری پلاندانان کۆبونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی ڕێنماییەکانی ھێنانی کرێکار و کارمەندی بیانی بەڕێوەچوو.

کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی نوێنەرانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ناوەڕۆکی ڕەشنووسی ڕێنمایی تایبەت بە هێنانی کرێکار و کارمەندی بیانی گفتوگۆ کرا و وا بڕیارە ڕەشنووسی ئەم ڕێنماییە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لە لایەن ئەم لیژنەیەوە بە فەرمی بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەمەستی پەسەندکردن و پاشان جێبەجیکردنی لە لایەن لایەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان، ھاوکات لە لایەن بەڕێز (د.دارا ڕەشید) وەزیری پلاندانان جەختکرایەوە لە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئامانج لە داڕشتنەوەی ئەم رێنماییە ئەوەیە کە دەرفەتەکانی کار زیاتر بۆ گەنجان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگونجێنرێت و هاوکات لەو بوارانەشدا کە پێویستمان بە دەستی کاری دەرەوەیە ڕێگە بدرێت سود لە ئەزموون و توانای کرێکار و کارمەندی بیانی وەربگیرێت.

بەگشتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەم تەوەرانەی لە خۆ گرتبوو:

١- ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر بۆ لاوان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.

٢-پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی پێدانی ڤیزا و کارتی نیشینگە بۆ کرێکاری بیانی.

٣-ئامادەکردنی ئامارێکی دروست بۆ ژمارەی کرێکارانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان.

٤-خستنەڕووی میکانزمەکانی کێشە و گرفتەکان بە پێی دواین یاسا و ڕێنمایی، لە لایەن ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

٥-ئامادەکردنی ڕێنماییەکان لە نزیکترین کاتدا، بەرزکردنەوەی ڕەشنووسێک بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، تاوەکو لە نزیکترین کاتدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


AM:12:04:11/01/2022