لەبارەی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان روونكردنەوە دەدرێت

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی رونكردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" هەر خێزانێك بڕی (٢٠٠) لیتر نەوتی پێ‌ دەدرێت بە (٥٥) هەزار دینار". 

دەقی ڕاپۆرتەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری:

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی نەوتی سپی و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا، حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە دابەشكردنی نەوت بەسەر سەرجەم هاووڵاتیاندا و تاكو ئێستاش نزیكەی ٦٣ ملیۆن لیتری دابین كردووە‌ و پرۆسەی دابەشكردنەكەش لە سنووری هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەردەوامه ‌و وردەكاریی دابینكردن و دابەشكردنی نەوتی سپی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

پارێزگای هەولێر

پارێزگای هەولێر پێویستیی بە (٩٢,٣٤٥,٤٠٠) لیتر هەیه،‌ بەڵام تا ڕێكەوتی ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بڕی (٢٥,٧١٤,٨١٩) لیتر دابین كراوە و لەو بڕەش (٢٣,٦٩٠,٨٠٠) لیتر بەسەر ناوچە شاخاوییەكانی (چۆمان، ڕواندوز، سۆران، مێرگەسۆر، شەقڵاوە، كۆیە) دابەشكراوە و هەروەها بڕی (١,٥٣٤,٦٠٠) لیتر بەسەر دەورووبەر (واتە خەبات و بنەسڵاوە) دابەش كراوە و ( ٦٧,١٢٠,٠٠٠) لیتر ماوە كە پێویستە دابین بكرێت.

پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە

پارێزگای سلێمانی پێویستیی بە (٩١,٧٤٩,٠٠٠) لیتر هەیە، تاكو ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی‌ (١٧,١٧٢,٩٨٥) لیتر دابینكراوە و لەو بڕەش (٨,٠٤٤,٠٠٠) لیتر بەسەر ناوچە شاخاوییەكانی پێنجوێن، قەڵادزێ، هێرۆ، هەڵشۆ، شارباژێڕ، قەرەداغ و دوكان دابەش كراوه و ‌( ٦,٨٢٦,٠٠٠) لیتر لە سەنتەری شار دابەشكراوە و (١,٨٥٢,٠٠٠) لیتر لە ناوچە شاخاوییەكانی هەڵەبجەش‌ دابەشكراوە .

پارێزگای دهۆك

بڕی پێویست بۆ پارێزگای دهۆك بریتییە لە (٥٣,٨٢٩,٦٠٠) لیتر، تاكو ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی (١٨,٥٨٥,٠٠٠) لیتر دابیكراوە و لەو بڕەش‌ (١٣,٣٧٨,٤٠٠) لە ناوچە شاخاوییەكانی ئامێدی، زاخۆ، ئاكرێ، دهۆك و شێخان دابەش كراوە و لە دەورووبەریش واتە (ئاكرێ، سێمێل، بەردەڕەش و شێخان) بڕی (٦,٥٥٤,٢٠٠) لیتر دابەش كراوە، هەروەها بڕی (٣٥,٤٠٥,٠٠٠) لیتر ماوە دابین بكرێت.

بەپێی خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر خێزانێك ٢٠٠ لیتری پێ دەدرێت بە نرخی ٥٥ هەزار دینار و كە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت و نەوتەكەش لە بەرزترین ئاستی كواڵێتیدایه.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢


PM:05:15:11/01/2022