دیندار زێباری لەبارەی دۆسیەی سزادراوانی بادینان وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە كۆمەڵێكی زۆر لە میدیاكاران ئامادەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بوون، بەڵام نەیانهێشت هەردوو كەناڵی (رووداو، ئێن ئار تی) بەشداری لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بكەن، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی" حکومەتی هەرێم پابەندە بە سیستەمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری".

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دیندار زێبارى، رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند" لە ساڵی ڕابردوو ٢٥٧ هێرشی تیرۆرستی ئەنجامدراوە، کە خۆیان لە بۆسە و هێرشی ڕاستەوخۆ و خۆکوژی و خاڵی پشکنینی ساختە و ڕفاندن و مووشەک بینیوەتەوە، و لە ئەنجامدا ٣٨٧ شەهید و ٥١٨ بریندار و ٣٧ ڕفێندراویان لێکەوتۆتەوە". 

دەربارەی پێکدادان و بۆردوومانە سنوورییەکان، دیندار زێباری وتی" لە ساڵی ڕابردوو، ٦٢٦ بۆردوومانی سنووری هەبووە کە ٢١٦ هێرشی ئاسمانی و ٤٠٣ تۆپ و ٨ هێرشی زەمینی تۆمارکراون. داوا لە پەکەکە و پێکهاتە چەکدارەکانی تر دەکەین کە خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوسێ، هاوکات داوا لە وڵاتانی هاوسێ دەکەین کە ئەوە لەبەرچاوبگرن کە خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێن و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ماڵ و حاڵیان لەژێر مەترسیدایە". 

سەبارەت بە مافی ئازادی ڕادەربڕین و سەربەخۆیی دادگاکان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێم نموونەیەکی هەرێمیە بۆ دیموکراسی و بەها دیموکراتییەکان، و پابەندە بە سیستەمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری. لە هەمان کاتدا، ئامادەی ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لەو شوێنانەی کە پێویستن.

سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرایکرد، لە ٢٠٢١، ٤٤٥ داوای سزایی لەسەر گەندەڵی تۆمارکراوە کە ئەمە ژمارەیەکی زۆرترە لەچاو ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ داوا خولاوەکانی ساڵانی رابردوو، ئێستا ٥٦٠ داوای سزایی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، بەمەش بە هەموو داوا سزایی و هەوڵدەرییەکان کە ٥٦٠ داوای سزایی و ٢٤٥ داوای هەواڵدەرین، ٨٠٤ کەیسی گەندەڵی لە هەردوو قۆناغی هەواڵدەری و سزایی ئێستا لەلایەن دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت. کۆی کەیسەکانی کە ئەمساڵ رەوانەی دادگاکان کراون ١٣٦ کەیسی سزایی ئەمساڵ چوونەتە قۆناغی دادگاییکردن پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان تێدا تەواو کراوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، حوکمەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە، و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکا لە هەرێم. یۆنامییش هەمان مۆڵەت سەردانی پێدراوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێککەوتنە، یۆنامی تا مانگی پێنجی ساڵی پار، ١٤ جار سەردانی چاکسازییەکانی کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٠ زیندانی ئەنجامداوە.


PM:06:00:11/01/2022