نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا کۆبوونەوە

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى بەر‌یتانیا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و هەردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگی یه‌كهه‌ڵوێستى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم له‌ به‌غداد. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ مارك برایسۆن ریچاردسۆن، باڵیۆزى بەر‌یتانیا له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانى عێراق، گفتوگۆى لایه‌نه‌كان بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانى حكومه‌ت، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانى بەریتانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگى یه‌كهه‌ڵوێستى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا و هیوایان خواست گفتوگۆ و هه‌وڵى هێزه‌ سیاسییه‌كان و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و سه‌قامگیریى سیاسى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، باسیان له‌وه‌ش كرد كه‌ دۆستانى عێراق به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ گفتوگۆى لایه‌نه عێراقییه‌كان ده‌ڕوانن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوەتەڕوو، پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانى ئه‌م دواییه‌ و به‌ ئامانجگرتنى باره‌گاى نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و باره‌گاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا، دۆخى په‌تاى كۆڤید_19، پرسى كۆچ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بو كه‌ تیایدا و كونسوڵى گشتى و ڕاوێژكارى به‌رگرى له‌ كونسوڵخانه‌ى گشتیى بریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بون.


PM:12:16:16/01/2022