هەسەدە کۆنترۆڵکردنی زیندانی حەسەکەی راگەیاند

‌وێنە.. ئەرشیف
میدیای هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵکردنەوەی پەلاماردان و یاخیبوونی نێو زیندانی داعشی لە حەسەکە راگەیاند.

میدیای فەرمی هێزەکان سوریای دیموکرات لە راگەیاندنێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە زیندانی غویران لە حەسەکە شەوی رابردوو لەلایەن شانەکانی داعش رووبەڕووی هێرش بوەوە، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە لەناو زیندانیشەوە گیراوانی ئەو رێکخراوە دەستیان بە یاخیبوون کرد.

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" هێزە ئەمنییەکان بە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵی زیندانەکەیان کردەوە".

" تیرۆریستانی داعش لەناو زیندان ئاگریان کردبوەوەو دەستیان بە سووتانی کەلوپەلە پلاستیکییەکان کردبوو تا لەو رێگایەوە پشێوی بنێنەوە".( وەک راگەیاندنەکە ئاماژەی بۆ دەکات).

هەسەدە باس لەوەش دەکات لە کاتی تێکشکانی هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆسەر بەندیخانەکە، چەکدارە هێرشبەرەکان هەڵهاتوون بۆ گەرەكی زهوری نزیک زیندانەکەو، ئێستا هێزە ئەمنییەکانی رۆژئاوا گەمارۆی ئەو گەڕەکەیان داوەو ئاماژەش بۆ ئەوە دەکەن کە چەکدارەکان ژمارەیەک مەدەنی گەڕەکەکەیان کووشتووە.

دوێنێ ئێوارە بە سێ ئۆتۆمبیلی خۆکوژ چەکدارانی داعش بە مەبەستی بەرەڵاکردنی چەکدارەکانیان هێرشیان کردە سەر زیندانی غویران لە حەسەکە.

هەر دوێنێ دوای ئەو تەقینەوەیەی داعش لەبەردەم زیندانەکەدا وەک پێشەکی هێرشەکە بۆ سەر زیندانەکە ئەنجامیان دابوو، هێزەکانی هەسەدە لە زەویەوەو، فڕۆکە کۆپتەرەکانی ئەمەریکا لە ئاسمانەوە هێرشیان کردە سەر چەکدارە هێرشبەرەکانی داعش.

هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی رۆژئاوا ژمارەی کوژرانی چەکدارانی داعش و قوربانییەکانیان رانەگەیاندووە، بەلآم چەند میدیایەک ئاماژە بۆ کوژرانی چەند کەسێکی هێزە ئەمنییەکان دەکات.




AM:09:48:21/01/2022