فەرەیدون عەبدولقادر: یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار بێ شک پێویستی بە بڕیاری سەرۆک بازانییە


فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت " یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرکۆماری عێراق لەنێوان پێکھاتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق، "بێ شک" پێویستی بە بڕیاری سەرۆک بازانییە و کارێکی خراپە بەبێ بڕیار و پشتیوانیی بارزانی ھەنگاوێکی گەورەی لەو شێوەیە بنێن."

فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیایەکی نزیک پارتی دەڵێت "ھەرچەندە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا پۆستی سەرکۆماری عێراق لە نێوان یەکێتی و پارتی یەکلایی ببێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە یەکڕیزیی گەلی کوردە، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەغدا، لەناو خۆیاندا یەکڕیز بن، بۆ ئەوەی ھەموویان پێکەوە کار بۆ مافە ڕەواكانی نەتەوەکەمان بکەن”.

فەرەیدون عەبدولقادر کە پەیوەندیەکانی لەگەڵ مەسعود بارزانی باشە، جەختیشی كردەوە كە "هەڵەیە بەبێ پشتیوانیی جەنابی مەسعود بارزانی، ھەنگاو بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق بنێن، چونكە بێ شک یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار، پێویستی بە بڕیاری ئەو هەیە”.

دەربارەی ئەوەی بەرھەم ساڵح تا چەند توانیویەتی لە بەغدا لە بەرژەوەندیی گەلی کورد کار بکات، فەرەیدوون عەبدولقادر، بە پرسیار و سەرسوڕمانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "کێ توانیویەتی لە عێراقدا خزمەتی گەلی کورد بکات؟ عێراق ناشرینترین وڵاتی گەندەڵییە، بۆیە کێ توانیویەتی خزمەتی کوردستان بکات، تا بەرھەم ساڵح وەک سەرکۆماری عێراق بتوانێت خزمەتی گەلی کورد بکات؟".

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دوێنێ شەو ٢٣ ی کانوونی دووەم بڕیاری دا، بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق بناسێنێت.



PM:10:28:24/01/2022