بزنە كێوییەك لە قەرەداغ بە چەكی بێدەنگ كوژرا


پۆلیسی دارستانی قەرەداغ تۆمەتبارێكیان بە تۆمەتی كوشتنی بزنە كێوییەك دەستگیركردووە كە بە تفەنگی بێدەنگ ئەو بزنە كێوییەی كوشتووە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەنجامی چڕبوونەوە و دەرچونی مەفرەزەكانیان لە بارەگای بەش و خاڵی وەزیارە كە ماوەی چەند ڕۆژێكە بەردەوام ناوچەكەیان كردوەتە ژێر چاودێرییەوە بەهۆكاری بارینی بەفرەوە كە باڵندەو ئاژەڵە كێوییەكان زیاتر بەدیار دەكەون، توانیان راوچییەك دەستگیر بكەن كە كارێكی بزنە كێوی تەمەن یەك ساڵی كوشتبوو، دەستیشگیرا بەسەر كەرەستە ڕاوییەكانیدا.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كرایەوەو لەسەر بڕیاری  دادوەری لێكۆڵینەوەی سلێمانی/٢ لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ فرۆشتنی گۆشتەكەی بەشێوەیەكی زیادكردنی ئاشكرا.

وەك لە راگەیەنراوەكە هاتووە كەرەستە دەستبەسەردا گیراوەكان ئەمانەن (یەك كاری بزنی كێوی ڕاوكراو، یەك تفەنگی جۆری كاتم سەوت ( توتو)، هەشت فیشەكی نەتەقیو، یەك چەقۆ، یەك ئوتۆمبێل".

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەكە رێگەپێنەدراوەو تۆمەتبار ماوەی پێنج ساڵ سزا دەدرێت، هەروەها لەسەر كوشتنی بزنە كێوییەكەش سزای سێ تا چوار ملیۆن دەدرێت.



PM:10:42:24/01/2022