بافڵ تاڵەبانی و وەفدێکی باڵای یەکێتی گەیشتنە بەغدا

ئەمرۆ دوو شەممە ٢٤ ی کانوونی دووەم وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تالەبانی گەیشتنە بەغدا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەن، تا لە دەنگدان بۆ سەرۆکی عێراق پاڵپشتی بەرهەم ساڵح بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی گەیشتۆتە بەغدا".

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەو وەفدە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بەرهەم ساڵح و کارکردنە لەگەڵ لایەنە سونی و شیعەکان تا دەنگ بە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بدەن، کە دوێنێ سەرکردایەتی ئەو حیزبە بڕیاریی دا کە کاندیدی حیزبەکەیان بێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش میدیای پارتی رایگەیاند کە وەفدێکی پارتیش بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری گەیشتوونەتە بەغدا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەیانی دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر یاسایی بوونی، یان نا یاساییبوونی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی نوێی عێراق دەدات کە سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمانی لە کەشێکی نا ئاساییدا هەڵبژارد. 



PM:10:44:24/01/2022