لەبارەی نرخی حەج و عومرەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئاشکرایکرد،  بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان پلانێكی گونجاوی لەبەردەستە بۆ ئەوەی نرخی عومرە بەشێوەیەك بێت لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، نرخی عومرە لە ئێستادا ٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ دۆلارە، بەگوێرەی ئەو خزمەتەی كۆمپانیاكان پیشكەشی دەكەن و هۆتێلی نزیك دابین دەكەن.

وتیشی، "وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان پلانێكی گونجاوی لەبەردەستە بۆ ئەوەی نرخی عومرە بەشێوەیەك بێت لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت".

باسی ئەوەشیکرد،  پێشتر نرخی عومرە هەزار و ٤٠٠ بۆ هەزار و ٥٠٠ دۆلار بوو، بەڵام لە ئێستادا نرخەكان دابەزیون و كار بۆ دابەزینی زیاتریشی دەكەین بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، وتیشی "هۆكاری بەرزی نرخی عومرە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی سعودیە، چونكە ڕێكارەكانی خۆپارێزی گرانتر بووە، هاتوچۆ سەختتر بووە، پێشتر پێنج كەس لە ژورێكدا دەبوون ئێستا دوو كەسە، پێشتر پاسێك ٥٠ كەسی تێدا دەبوو ئێستا تەنها ٢٥ كەسە".

ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە وڵاتی سعودیە، نەبەز ئیسماعیل وتی  "وڵاتی سعودیە ڤاكسینی سینی قبوڵ ناكات، بەڵكو دەبێت جۆرەكانی دیكەی ڤاكسین بێت و دەبێت هاوولاتی هەردوو ژەمەكەشی وەرگرتبێت و كارتی ڤاكسینی پێبێت، پشكنینی كۆرۆناشی پێبێت پشتڕاستی بكاتەوە كە تووشی كۆرۆنا نەبووە".



PM:03:56:25/01/2022