شاسوار عەبدولواحید مەرجەکانی نەوەی نوێ ئاشکرا دەکات بۆ دەنگدان بە کاندیدێکی سەرۆک کۆمار


سەرۆکی نەوەی نوێ ،  شاسوار عەبدولواحید مەرجەکانی نەوەی نوێی راگەیاند کە لەسەر ئەو مەرجانە دەنگ بە یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەدەن، مەرجەکانیش پەیوەندی بە مووچەی مووچەخۆران و خزمەتگوزاریەکانی خەڵکەوە هەیە.

لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەوەی نوێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار  لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ مەرجەکانی نەوەی نوێی راگەیاند و زۆریانی کرد بە مەرجی پێشوەختە کە یەکێک لە کاندیدی ئەو دوو حیزبە جێبەجێیبکەن ئەو دەمە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەنگ دەدەن بە کاندیدی ئەو لایەنە.

مەرجەکانی نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند:

- هەرزانکردنی نرخی غاز بۆ هاوڵاتیان.
- لابردنی باج لەسەر هاوڵاتیان و دوکاندار و کۆمپانیاکان.
- دروستکردنی ژمارەی بانکی بۆ مووچە خۆران و مانگانە گەڕانەوەی بەشێک لەو مووچەیەی بۆیان پاشەکەوت کراوە لەڕێی ئەو هەژمارە بانکییەوە. 
- پلەبەرزکردنەوە ی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە
- چارەسەرکردنی ماددەی ١٤٠ و ناوچە دابڕێنراوەکان و زامنکردنی بەشە بودجەی هەرێم.
- دابینکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
- دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان وبە هەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان.
- موچەی خانشینان هەموو مانگێک بێت و کارتی بانکییان بۆ دابینبکرێت و لەڕێی ئەو کارتەوە مووچەکانیان وەربگرن. 
- ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا. 
- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ئەندامانی کۆمسیاران بێلایەن بن.



PM:12:53:29/01/2022