فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" دەنگی پێویست بۆ کاندیدی پارتی هۆشیار زێباری مسۆگەر کراوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".
ئەمڕۆ شەممە ٢٩ ی کانوونی دووەم ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەکەی ڕاگەیاندووە" دانوستانەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان چەند رۆژێکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە دەچێت و، سەردان و دیدار لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان ھەبووە، بە شێوەیەکی گشتیش تا ئێستا ئەنجامی دانوستانەکان دڵخۆشکەرن بۆ پارتی و لێکتێگەیشتنی زۆر دروست بووە".
ڤیان دەخیل وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی کە خوولی پێشووتریش ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە دەڵێت " جگە لەو لایەنانەی پێشتر پارتی رێککەوتن، یان ھاوپەیمانیی لەگەڵیان ھەبووە، ژمارەیەک لایەن و کۆتلەی دیکەی پەرلەمانی لەگەڵ پارتی تێگەیشتنیان ھەیە".
دەخیل ئاماژەی ئەوەش دەخاتەڕوو کە پارتی ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ کۆبوونەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کردووە و بەپێی ئەو دانوستان و لێکتێگەیشتنەی لە نێوان پارتی و لایەنە عێراقییەکان ھەیە، سەرکەوتنی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆککۆمار مسۆگەرە، چونکە رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان ھەن بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدی پارتی بدەن.
بڕیارە ٧ ی شوبات پەرلەمانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، پێش ئەوەشی بڕیارە رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە ناوی کاندیدەکانی ئەو پۆستە رابگەیەنێت.