یەکگرتووی ئیسلامی: یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکبکەون ناچاری هەڵوێستی ترمان مەکەن

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریان تاوتوێکردووە و نیگەرانیی "قووڵی" خۆیان لەبارەی لێکترازانی نێو ماڵی کورد راگەیاند.

ئەمڕۆیەکشەممە ٣٠ کانوونی دووەم، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریان تاوتوێکرد و جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كەهەرچی زووترە  دوو حزبی دەسەڵات پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەیاندا بكەنەوە و لەسەر پاڵێوراوێكی هاوبەش رێكەوتن بكرێ، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناو ماڵی كوردی لەبەریەك هەڵنەوەشێ و ناچارمان نەكەن بە هەڵوێستی تر.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەم شێوەیەی لای خوارەوە هاتووە:

بسم الله الرحمن الرحيم

بەلاغی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەربارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و گۆرانكاری و پێشهاتەكان راڤە و تاوتوێكران، هەر لەچوارچێوەدا گفتوگۆكرا لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، كۆبوونەوە نیگەرانی قووڵی خۆی راگەیاند لەسەر لێكترازانی ناو ماڵی كوردی و ئەو ململانێ نەخوازراوەی دوو حزبی دەسەڵات دەیكەن سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە و دەبێت كۆ دەنگی نیشتیمانی لەسەر بێت.

 

ئەنجومەنی جێبەجێكردن جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كەهەرچی زووترە دوو حزبی دەسەڵات پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەیاندا بكەنەوە و لەسەر پاڵێوراوێكی هاوبەش رێكەوتن بكرێ، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناو ماڵی كوردی لەبەریەك هەڵنەوەشێ و ناچارمان نەكەن بە هەڵوێستی تر.

 

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامادەكاریەكان بۆ (28)هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتوو لە (6/2/2022) كراو بەرنامەی تایبەت بە یادەكە بڕیاری لەسەردرا.

 

هەروەها كاروبارەكانی ناوخۆی حیزب تەوەرەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، كە بەشێوەیەكی ئیجابی هەڵسەنگاندن كرا بۆ سەرجەم چالاكیەكانی ئەنجومەن و دەزگا و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی تری حزب.

 

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان



PM:05:00:30/01/2022